کۆشکی سپی: پێشوەختە ترەمپ داوای کردووە قەتەرییەکان لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر دەوحە ئاگادار بکرێنەوە


وێستگەنیوز_

وتەبێژی کۆشکی سپی دەڵێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە نێردەی تایبەتی خۆی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە کە قەتەرییەکان ئاگادار بکاتەوە ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر دەوحە. 
 
ئەمڕۆ سێشەممە کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، "ئەم بەیانییە ئیدارەی ترەمپ لە لایەن سوپای ئەمریکاوە ئاگادار کرایەوە کە ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر حەماس لە شاری دەوحەی پایتەختی قەتەر."
 
کارۆلین لێڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنفرانسی رۆژنامەوانیی ئەمڕۆ سێشەممەدا وتی، دوای ئەوە دۆناڵد ترەمپ داوای لە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا کرد بۆ ئەوەی قەتەرییەکان لەو هێرشە ئاگادار بکاتەوە. 
 
لێڤیت ستایشی کاری قەتەرییەکانی کرد لە هەوڵەکانیان لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بە مەبەستی سەرخستنی گفتوگۆکانی تایبەت بە ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە و قەتەریشی بە "وڵاتێکی خاوەن سەروەری و هاوپەیمانێکی نزیکی ویلایەتە یەکگرتووەکان" ناوبرد، بەڵام نەیشاردەوە کە "حەماس لەو وڵاتەدا هەیە".
 
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە دۆناڵد ترەمپ دەیەوێ زۆر بە زوویی جەنگی غەززە کۆتایی بێت و بۆ ئەو مەبەستەش داوای ئازادکردنی هەموو بارمتەکان و گەڕاندنەوەی هەموو تەرمەکان دەکات. "سەرۆک ترەمپ هەروەها قسەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین نەتانیاهۆ کرد. دوای هێرشەکەش سەرۆک وەزیران بە سەرۆک ترەمپی راگەیاند کە دەیەوێت ئاشتی زوو بەدەست بهێندرێت". 
 
وتیشی، دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ هەریەکە لە میری قەتەر و سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە قسەی کردووە و دڵنیای کردوونەتەوە جارێکی دیکە هێرشی دیکەی لەو جۆرە بۆ سەر وڵاتەکەیان دووبارە نابێتەوە.

هاوکات، لیندسی گراهام، کەسایەتی سیاسیی دیاریی ئەمریکا لە ئێکس نوسیویەتی: "بۆ ئەوانەی رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەر (مەبەستی حەماسە) پلانیان دانا و هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل کە گەورەترین هاوپەیمانی ئەمریکایە، ئەمە چارەنووستان دەبێت".

لە پەیامەکەیدا لیندسی گراهام دەڵێت: پەیامی ئێمە بۆ گەلی فەڵەستین ئەوەیە، چارەنووستان بەندە بە چەکدانانی حەماس و کۆتاییهێنانی کردە سەربازییەکانیان، ئەگەر سبەی چەک دابنێن، لەوانەیە گەورەترین رێککەوتنی مێژووی فەڵەستین بکرێت."


PM:09:42:09/09/2025


ئه‌م بابه‌ته 284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو