لەبارەی بایکۆتی مامۆستایان بۆ ساڵی نوێی خوێندن زانیاریی نوێ دەخرێتەڕوو


وێستگەنیوز- سازگار ئەحمەد

بەپێی ئەو وادەیە بێت کە وەزارەتی پەروردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە رۆژی 21ی ئەیلول دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی ساڵی (2025- 2026) دەبێت.


لەوبارەیەوە ئەمڕۆ سێشەممە 9ی ئەیلولی 2025، عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "بارودۆخەکە نائاساییە و دابەشکردنی مووچە سێ مانگ دواکەوتووە، ئەمەش کاریگەری خۆی هەیە لەسەر هەموو فەرمانبەران و مامۆستایان و چین و توێژە جیاوازەکان و پرۆسەی پەروەردە دەبێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئومێدەوارین حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو کۆبوونەوانەی کە ئەنجامی دەدات لەگەڵ حکومەتی عێراق بە بەرپرسیارانە مامەڵە بکات و خەمی هەموو مووچەخۆران بخوات بە تایبەتی مامۆستایان، بۆ ئەوەی پرۆسەی پەروەردە پەکی نەکەوێت و وەک ساڵانی پێشوو زیانی پێنەگات، چونکە بایکۆت مەترسییە بۆ سەر پرۆسەی پەروەردە".

لەبارەی بایکۆتی مامۆستایانەوە عەتا ئەحمەد وتی، "ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ هەڵوێستی مامۆستایان بەس هیوادارم حکومەتی هەرێم نەهێڵێت ئەوە رووبات و دەبێت خەمی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران بخوات، چونکە ئەوە مافێکی یاسایی خۆیانە".

مامۆستایانی ناڕازی سوورن لەسەر دەستەبەرکردنی مافەکانیان و دەڵێن، "ناگەڕێینەوە هۆڵەکانی خوێندن تاوەکو مووچەکانیان پێنەدرێت".


PM:01:44:09/09/2025


ئه‌م بابه‌ته 6164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو