مەسرور بارزانی: هەوڵمانداوە زۆر لەسەرخۆ کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەین
وێستگەنیوز-
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، هەمیشە هەوڵمانداوە زۆر لەسەرخۆ کێشەکان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەین، ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لە دوای هەڵبژاردنەکانی رابردوو ئامادەبووە بۆ پێکهێنانی حکومەت.
ئەمڕۆ سێشەممە 9ی ئەیلولی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتی کردنەوەی شەشەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی وەبەرهێنانی خانووبەرەی لە هەولێر رایگەیاند، "هەر وەکو پێشتریش لە سیاسەتی حکومەتی هەرێم هەبووە، بۆ فرەچەشنکردن و فراوانکردنی کەرتی بازرگانی و ئابووری لە هەرێم لە هەموو ڕوویکەوە. بۆیە من خۆشحاڵم کە ئێستا وڵاتانی تر ڕوو لە هەرێم دەکەن، ئەمەش بێگومان زۆربەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەقامگیرییەی کە لە هەرێم هەیە".
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا کرد و وتی، "ئێمە زۆرجار ئەم قسەیەمان کردووە و هەموو جارێکیش باسمان کردووە، کە هیوادارین بە زووترین کات ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن، بەڵام هەموو جارێکیش دەبینین کە کێشەیەکی نوێ لە لایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە هاتووەتە ئاراوە کە هەمیشە هەوڵمان داوە زۆر زۆر لەسەرخۆ ئەو کێشانەش چارەسەر بکەین، چونکە ئەوەی لە لای ئێمە گرنگە بەختەوەریی خەڵکی کوردستانە".
وتیشی، "ئێستا شاندەکانی ئێمە لە گفتوگۆی بەردەوام دان لەگەڵ شاندی حکومەتی عێراق، لەسەر داهاتە نانەوتییەکان تەقریبەن گەیشتووینەتە قۆناغی کۆتایی بۆ تێگەیشتن، لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتیش، هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەکی نەماوە، نە لەگەڵ کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان، نە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، ئەوەی ماوە خاڵێکە بەینی کۆمپانیاکان و حکومەتی فیدراڵی. کۆمپانیاکان ئێستا داوای گەرەنتی دەکەن بۆ بەردەوامبوونی دابینکردنی شایستە داراییەکانی خۆیان".
لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەدا، "من هەر لە دوای هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو ئامادەبووم بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەڵام دەبێت هاوبەشەکانی تریشمان ئامادە بن، هەر وەختەک ئامادەبوون، ئینشائەڵڵا حکومەت پێکدەهێنین".
PM:12:17:09/09/2025
ئهم بابهته 468
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت