بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان: لە مانگی 11ـوە رێگە بە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2023 نادرێت


وێستگەنیوز_

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە مانگی 11ـی ئەمساڵەوە، رێگە بە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2023 نادرێت.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم رایگەیاند، وا بڕیارە لە مانگی 11ـی ئەمساڵەوە، تەنیا رێگە بە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2024 تا 2026 بۆ هەرێمی کوردستان بدرێت.

ساڵانە لە مانگی 11، هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێلی دوو ساڵی پێشوو، قەدەغەدەکرێت و رێگە بە هاوردەکردنی بۆ هەرێم نادرێت.

بەپێی داتای فەرمیی دەستەی گومرگیی وڵاتانی چین، ژاپۆن و کۆریای باشوور کە دەزگای عێراقی ئایندە کۆی کردوونەتەوە، هەناردەی راستەوخۆی ئۆتۆمبێل بۆ عێراق لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵدا گەیشتووەتە 39 هەزار و 500 ئۆتۆمبێل. 
 
بەراورد بە نیوەی یەکەمی 2024 کە 32 هەزار و 500 ئۆتۆمبێل هاوردە کردبوو، ئەم ساڵ ژمارەکە بە رێژەی 17.8٪ زیادبووە.
 
دەزگاکە دەڵێت، لەنێو ئۆتۆمبێلی هاوردەکراو، ئۆتۆمبێلە چینییەکان بە رێژەی 75% زۆرترین گەشەیان تۆمارکردووە و ژمارەیان گەیشتووەتە 18 هەزار ئۆتۆمبێل.
 
هاوکات لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵ 12 هەزار ئۆتۆمبێلی ژاپۆنی بۆ عێراق هاوردە کراوە. لە هەمان ماوەی پار، 9 هەزار و 300 ئۆتۆمبێل هاوردە کرابوون.
 
بەڵام هاوردەی ئۆتۆمبێلی کۆری لە 12 هەزار و 700 ئۆتۆمبێل لە شەش مانگی یەکەمی 2024، بۆ 9 هەزار و 500 ئۆتۆمبێل لە هەمان ماوەی ئەم ساڵ دابەزیوە.


PM:06:36:07/09/2025


ئه‌م بابه‌ته 404 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو