قوباد تاڵەبانی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان: پەلە بکەن لە تەواوکردنی کاروبارەکانی بەنداوی سەرچنار و چەق چەق
وێستگەنیوز_
ئەمڕۆ یەکشەممە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ کاروباری پرۆژە گەشتیارییەکانی سەرچنار و بەنداوەکانی چەقچەق و سەرچنار، سەردانی پڕۆژەکانی کرد و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و وەبەرهێنەران و کۆمپانیا جێبەجێکارەکان کۆبووەوە.
دوای بەسەرکردنەوەی پڕۆژەی بەنداوی چەقچەق، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکان و کۆمپانیای جێبەجێکار کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی کێشەکانی بەردەم جێبەجێکردنی بەنداوەکانی چەقچەق و سەرچنار.
سەبارەت بە بەنداوی چەقچەق کە ماوەیەکە دەست بە جێبەجێکردنی کراوە، قوباد تاڵەبانی داوای لە کۆمپانیای جێبەجێکار کرد "خێراتر کاروبارەکان راپەڕێنت بۆ ئەوەی لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا تەواو بکرێت. لایەنە پەیوەندیدارەکانیشی راسپارد پەلە بکەن لە تەواوکردنی کاروبارەکانی بەنداوی سەرچناریش کە ئێستا لە قۆناغی دیزاینکردندایە بۆ ئەوەی دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت".
بەنداوی چەقچەق توانای گلدانەوەی نۆ ملیۆن مەتر سێجا و بەنداوی سەرچناریش توانای گلدانەوەی دوو ملیۆن متر سێجا ئاویان هەیە و لە چوارچێوە پڕۆژە گەشتیارییەکانی سەرچناردا جێبەجێ دەکرێن. بە تەواوبوونیان جگە لەوەی سیمایەکی گەشتیاری جوان بە دەڤەرەکە دەدەن، کاریگەری گەورەشیان لەسەر ژینگەی سنوورەکە و ئاوی ژێر زەوی دەبێت.
دواتر لە کۆبوونەوەیەکی دیکە لەگەڵ وەبەرهێنەران و بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکانی سلێمانی، جێگری سەرۆک وەزیران بەدواداچوونی کرد بۆ کاروباری هەر پێنج زۆنە گەشتیارییەکەی سەرچنار. دوای لێکۆڵینەوە لە گرفت و کێشەکانی بەردەم وەبەرهێنەرەکان، رایگەیاند: "جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە گەشتیارییانە لە ئەولەوییەتی کارەکانی حکومەت و شەخسی خۆیدایە، چونکە کاریگەری بەرچاوی دەبێت لەسەر گەشەپێدانی ئابووری و بەهێزکردنی ژێرخانی گەشتیاری کوردستان و سلێمانی و ژمارەیەکی بەرچاو هەلی کار بۆ دانیشتوانی سلێمانی دەڕەخسێنێت."
هەروەها بەڕێوەبەرایتییە پەیوەندیدارەکانی راسپارد هەرچی زووتر کاروباری ئیداری و یاسایی پڕۆژەکان تەواو بکرێن و هاوکات تیمێکی تایبەتی لە نوسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران پێکهێنا بۆ هەماهەنگی و بەدواداچوونی بەردەوام بۆ کاروباری پڕۆژەکان تا هەرچی زووتر بکەونە قۆناغی جێبەجێکردنەوە و لە وادەی دیاریکراوی خۆشیاندا تەواو بکرێن.
PM:05:31:07/09/2025
ئهم بابهته 464
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت