سەرۆکی دەستەى مافی مرۆڤ لەسەر دوو راگەیەندراوی دەستەکەی هاتەدەنگ
وێستگەنیوز-
د. مۆنا یاقۆ، سەرۆکی دەستەى مافی مرۆڤ لەبارەی دوو راگەیەندراوی دەستەکەی لەبارەی رووداوەکەی لالەزار هاتەدەنگ لە راگەیەندراوێکدا وەڵام دەداتەوە.
د.مۆنا یاقۆ رایگەیاند، دەربارەى دەرکردنى دوو بەیاننامەى جیاواز بە ناوى دەستەوە، سەبارەت بە رووداوەکانى لالەزار، دەمەوێت ئەوە روون بکەمەوە:
1- من ئەکادیمستێکى سەربەخۆم، لە هیچ قۆناغێکى ژیانمدا سەر بە هیچ حیزبێك نەبوومە، هەر لە سەرەتاوە ئامانجم لە کارکردن لە دەستەى مافى مرۆڤ،پراکتیزەکردنی پسپۆڕییەکەم و خزمەت کردنى هاوڵاتیان بوو دور لە حیساباتى سیاسى.
2- لە ماوەى چوار ساڵ زیاتر لە کارکردنم لە دەستە، بە پەرۆش بووین بۆ جێگیرکردنی پرەنسیپی یەکڕیزی، و کارکردن بە شێوەیەکى تەواو بێ لایەنانە، بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگی لە بەدوداچونى کێشەکان لە شارە جیاجیاکانی هەرێمدا.
3-کارەکانمان لە سەر بنەماى بانگەشەى میدیایى یا شوێنکەوتنى خواستەکان نەبوە، بەڵکو لە سەر بنەماى چاودێرى کردنى مەیدانى جددى بووە، زۆر جار دیدار و سەردانەکانمان دور لە چاوى کامێراکان بووە، چونکە ئامانجى سەرەکیمان هەمیشە دەستنیشان کردنى پێشێلکاریەکان و دۆزینەوەى چارەسەر بووە، نەك تۆمار کردنى هەڵوێستى کەسى و قارەمانێتى. لەسەر بنەمای قەناعەتێکی پتەو، پێوەرە سەرەکییەکەمان رازیکردنی_ویژدانمانە بووە نەك هیچ لایەن و کیان و تاکێك.
4- لە بەرامبەر هیچ ڕوداوێکدا بێ دەنگ نەبوین، بەڵکو دەستمانکردوە بە پەیوەندى لە گەل لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕاپۆرت و نوسراو و تێبینیەکانمان بابەتیانە و شەفافانە بۆ ناردوون، بۆیە نابێت جددیەتی کارەکانمان تەنها بەو شتانە بپێورێت کە لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیادا بڵاودەکرێنەوە.
5- کاتێك ڕوداوەکانى لالەزار روویدا، من لە مۆڵەتى فەرمى بوم، و هاوکارەکانم ڕاسپارد بۆ ئەوەىلە نزیکەوە چاودێرى بابەتەکە بکەن، ڕاستەوخۆ لەگەڵ گەڕانەوەم بۆ سەر کارەکەم، دەستپێشخەری داواکارییەکی فەرمیم کرد بۆ سەردانی گیراوانی سلێمانی، بە پلەی خۆم وەک سەرۆکی ده سته و کەسایەتییەکی سەربەخۆ، هەروەها لەبەر ئەوەی ئۆرگانە نێودەوڵەتییەکان داوای ڕوونکردنەوەیان لەسەر ئەو بابەتە کردبوو. هەروەها ئەمەش لە وەڵامی داواکارییەکانی بنەماڵەی دەستگیرکراوەکاندا بوو، بێ ئەوەى پەیوەندى بە لایەنى حیزبیەوە هەبێت. هەروەها هەماهەنگیەك ئەنجامدرا لەگەڵ هاوکارانێك کە پاشخانی سیاسی تایبەتیان هەیە بۆ ئاسان کردنى ڕێکخستن و ڕێکارەکان.
سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ دەشڵێت، "رێز و حورمەتی خۆمان بۆ هەموو هاوکاران و هەموو لایەنە حزبییەکان دووپات دەکەینەوە، ئێمە ئەوەی روویدا لە زووترین دەرفەتدا پێکەوە باسی دەکەین، وەک دابونەریتی خۆمان له ده سته، هەروەها پابەندبوونمان بۆ بەهێزکردنی کردەوەی هاوبەش دووپات دەکەینەوە، هیوادارین کێبڕکێ لەسەر بنەمای هاوکاری لەگەڵ دەستەکەمان و خزمەتکردنی هاوڵاتییان و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بێت، نەک ئەوەی ده سته بکرێتە لایەنێک لە هەر ململانێیەکی سیاسیدا، ئەو متمانەیەی لە ساڵانی رابردوودا لە هەموو سکاڵاکاران بەدەستمان هێناوە، چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوەی عێراق، نوێنەرایەتی سەروەت و سامانێکی بەنرخ دەکات کە لە هیچ بارودۆخێکدا بەفیڕۆ نادرێت".
PM:09:43:06/09/2025
ئهم بابهته 2504
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت