دانا ئەحمەد مەجید:هەرێمی کوردستان لە بازنەی قەیرانەکان دەرناچێت، ئەگەر بەخۆداچوونەوەیەکی ریشەیی نەکرێت


وێستگەنیوز-

رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، سەرەڕای ئەو کێشە و ئاستەنگە سیاسیی و قانونی و رێکخراوەییەی بۆ گۆڕان دروستکراوە، بەڵام توانراوە بەسەر لەمپەڕەکان زاڵ بن.


ئەمڕۆ شەممە 6ی ئەیلولی 2025، جڤاتی گشتی و جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرپەرشتی دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان کۆبووەوە.

بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە بێت، دانا ئەحمەد مەجید لەسەر دواین پەرەسەندنە سیاسیەکانی ناوچەکە و کاریگەری لەسەر پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان روونکردنەوەی پێویستی خستەڕوو، لەو بارەیەوە جەختی لە یەکگرتویی ناوخۆیی کوردی و بەهێزکردنی دامەزراوەکان و سەروەری یاسا و زاڵبوون بەسەر کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان کرد.

لەبارەی دۆخی ناوخۆیی بزووتنەوەی گۆڕان، ئاماژەی بەوەکرد سەرەڕای ئەو کێشە و ئاستەنگە سیاسیی و قانونی و رێکخراوەییەی بۆ گۆڕان دروستکراوە، بە پشتیوانی ئۆرگان و کەسایەتیەکان، توانراوە بەسەر لەمپەڕەکان زاڵ بن و بۆ داهاتووش بەرنامەی خۆڕێکخستنەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لەبارەی پەیوەندییەکانی حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێم، کۆبوونەوەکە جەختی لە چارەسەری کێشەکان کردەوە لەسەر بنچینەی دەستووری هەمیشەیی عێراق و پاراستی مافەکانی هەرێم و شایستە داراییەکان، بەتایبەت زامنکردنی موچەی موچەخۆران.

پەیوەندیدار بە ناوخۆیی هەرێمی کوردستان، جەختکرایەوە هەرێمی کوردستان لە بازنەی قەیرانەکان دەرناچێت، ئەگەر بەخۆداچونەوەیەکی ڕیشەیی لە شێوازی حوکمڕانی لە ناوخۆ و دەرەوەی خۆی نەکات، بەر لە هەر هەنگاوێک؛ زیادبونی هەژمونی حیزبی و بڕیاری حیزبی بەسەر دامەزراوە شەرعیەکاندا گەورەترین مەترسیە لەسەر چارەنوسی ئێستا و داهاتوی کوردستان.

لە کۆبوونەوەکەدا داواکرا پەلە بکرێت لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و بەهێزکردنەوەی دامەزراوە دەستورییەکان.

جەختیشکراوە، لەوەی ئێستا لە هەموو کات زیاتر پێویستمان بە هێزێکی نیشتمانی و یەکگرتووە، کە لە ئاست چاوەڕوانییەکان و قوربانیدانی خەڵکی کوردستان بێت، چونکە خەڵکی کوردستان، قەیرانێکی تاقەتپڕوکێنی سیاسیی و دارایی و دامەزراوەیی بەڕێکرد، بەڵام گەلەکەمان لەبەردەم دەرفەت و ئاڵانگاریدا، فرسەتی بەردەمی زیاترە، وەک لە مەترسی، لەو چوارچێوەیەدا لە هەموو کات زیاتر پشتمان بە خەڵک ئەستورە، بێگومان ئەم نائومێدیەش تێدەپەڕێت، دواجار خەڵکی کوردستان سەردەکەوێت.


PM:05:33:06/09/2025


ئه‌م بابه‌ته 672 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو