دەزگای ئاسایش: ئەو کەسە ئەمریکییەی لە لالەزار دەستگیرکرا تۆمەتبارە بە مەشقپێکردنی هێزی نایاسایی


وێستگەنیوز_

دوای ئەوەی رۆژی 22ی ئابی 2025 دوای زیاتر لە سێ کاتژمێر پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی و هێزەکەی لاهور شێخ جەنگی لە هۆتێل لالەزاری سلێمانی، لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و زیاتر لە 150 ئەندامی هێزەکەی دەستگیرکران. لە دوای تێپەڕبوونی چەند رۆژێک، دەنگۆی دەستگیرکردنی کەسێکی ئەمریکی بڵاوبووەوە کە مەشقی بەو هێزانە کردووە. لەو بارەوە وتەبێژی دەزگای ئاسایش دەڵێت، "ئەو کەسە بێ ئاگاداری وڵاتەکەی مەشقی بە هێزی نایاسایی کردووە".
 
ئەمڕۆ هەینی عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "هاوڵاتیەکی ئەمریکی بە ناوی برایان ویڵسن، لە شەوی رووداوەکەی لالەزاردا لە 22ـی 8ـی 2025 دەستگیرکراوە".
 
بە وتەی عەقید سەلام عەبدولخالق، دوای ئەوەی لێکۆڵینەوە لەگەڵ برایان ویڵسن کراوە، ناوبراو دانی بەوەدا ناوە، کە "خۆی سەربەخۆ و بەبێ ئاگاداری و رەزامەندیی وڵاتەکەی کە ئەمریکایە هاوکار بووە لە دروستکردن و مەشق و راهێنانی مەیدانی بە میلشیایەکی چەکداری نایاسایی بە ناوی هێزی دووپشک".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، "برایان ویڵسن وەکو کەسێکی بەکرێگیراو ئەرکی مەشق و راهێنانی سەربازی بووە بەو هێزە و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش دەستگیرکراوە و ئێستا لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگیراوە و یاسای بەسەردا جێبەجێ دەکرێت".


PM:03:19:05/09/2025


ئه‌م بابه‌ته 796 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو