بارزانی بە گەڕانەوەی لە فەڕەنسا دەستپێشخەرییەک رادەگەیەنێت


وێستگەنیوز_

سەرۆکی ناوەندی ئەورووپی بۆ توێژینەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، بارزانی بە گەڕانەوەی لە فەڕەنسا دەستپێشخەرییەک رادەگەیەنێت.

عادل باخەوان، سەرۆکی ناوەندی ئەورووپی بۆ توێژینەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە میانی بەڕێوەچوونی مەراسیمی کردنەوەی شەقامی پێشمەرگە لە پاریس رایگەیاند: زیاتر لە کاتژمێرێک لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوەتەوە و "بارزانی لە دۆخی هەرێمی کوردستان رازی نییە".

عادل باخەوان ئاماژەی بەوەشدا، "هەرێمی کوردستان بە کۆمەڵێک قەیرانی زۆردا تێپەڕیوە. سەرۆک بارزانی تەواو هۆشیارە بەو قەیرانە. ئەو پێی وایە لەبەردەم بەرپرسیاریەتییەکی ئەخلاقی و مێژووییدایە، بۆیە سەرۆک بارزانی بە دەستپێشخەرییەکەوە دەگەڕێتەوە."

ئاشکراشی کرد، "دەستپێشخەرییەکەش ئەوەیە 'ماڵی لێکترازاوی کورد' یەکبخاتەوە، پێش هەموو شتێکیش دەبێت پارتی دیموکراتی کوردستان، دواتر یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و دواتریش لایەنە سیاسییەکانی دیکە هاوکاری سەرۆک بن بۆ سەرکەوتنی ئەم دەستپێشخەرییە.

ئەمڕۆ هەینی، مەسعود بارزانی و شاندێکی یاوەری، لەوانە عەلی دۆڵەمەڕی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە پاریس ئامادەبوون و بەشداربوون لە کردنەوەی 'شەقامی پێشمەرگە'.

پڕۆژەکە لەلایەن شارەوانیی پاریسەوە ناونراوە "رێڕەوی پێشمەرگە" وەکو وەفایەک بۆ رۆڵی ئەو هێزە کوردییە لە تێکشکاندنی تیرۆر لەسەر ئاستی جیهان؛ و لە ناو پارکی ئەندرێ سیترۆن دایە.


PM:01:47:05/09/2025


ئه‌م بابه‌ته 3792 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو