وێستگەنیوز_
ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ـی ئەیلوولی 2025، لە هەرێمی کوردستان، یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (محەممەد) دروودی خوای لەسەر بێت، دەکرێتەوە، لە هەولێری پایتەختیش کە قەڵاکەی بەناوی پێغەمەری(ئیسلام) دەڕازێندرێتەوە، ڕێوڕەسمێکی تایبەت بەڕێوەدەچێت، خەڵکی لەنێو مزگەوت و تەکییە و خانەقاکان، بە سروتی ئایینی موناجات و بەخشینەوەی شیرینی، یادەکە لە یەکتر پیرۆز دەکەن.
ئەمڕۆ کە دەکاتە 12ـی ڕەبیعولئەوەل، ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوڵاتیان جلی ڕەنگاو ڕەنگ دەپۆشن وەک جەژن، دێنە ناو بازاڕی سەنتەری شاری هەولێر، بەتایبەت نێو پارکی شار، بە دەف لێدان و بەخشینەوەی شیرینی، هەروەها ڕازاندنەوەی شەقام و کۆڵانەکان، یادەکە لە یەکتر پیرۆز دەکەن، ئەو یادکردنەوەیە کە لەنێو زۆرینەی هەرە زۆری مزگەوت و تەکییە و خانەقاکان بە سرووتی ئایینی و خوێندنەوەی مەولود بەڕێ دەکەن، بۆ ماوەی مانگێک یادکردنەوەکە لەنێو مزگەوتەکان بەردەوام دەبێت،
شاری هەولێریش بەوە ناسرێتەوە، یەکەم شار بووە کە تێیدا مەولود بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری(ئیسلام)، لەلایەن سوڵتان موزەفەرەدین کراوەتەوە.
سوڵتان موزەفەرەدین کۆکبری کوری زەینەدین عەلی کوچکە، لە موسڵ لەدایکبووە و 44 ساڵ حکومی شاری ھەولێری کردووە، زاوای سەلاحەدین ئەیوبی بووە و بە یەکەم کەسیش دادەدنرێت کە یادی مەولودی کردووەتەوە.
سوڵتان موزفەرەدین کولتووری مەولودی بۆ ھەولێر بەجێھێشت و لە ساڵی 1232 کۆچی دوایی کردووە و لەسەر وەسیەتی خۆی داوای کردووە لەسەر چیای عەرەفە بینێژن، بەڵام نەتوانراوە وەسیەتەکەی جێبەجێ بکرێت و لە نەجەف لە گۆرستانی وادی سەلام نێژراوە.
رۆژی چوارشەممە 3ـی ئەیلوولی 2025، فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند، بەگوێرەی ساڵنامەی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێنجشەممە، 04ـی ئەیلوولی 2025، لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی محەممەد، پێغەمبەری ئیسلام (د. خ)، پشووی فەرمییە.
هەموو ساڵێک لە 12ـی مانگی ڕەبیعولئەوەلی کۆچی، موسڵمانان لە سەرتاسەری جیهان یادی لەدایکبوونی محەممەد کوڕی عەبدوڵڵا، پێغەمبەری ئیسلام (د. خ) دەکەنەوە، کە بە "المولد النبوي" ناسراوە. ئەم یادە پیرۆزە کاتێکە بۆ دەربڕینی خۆشەویستی و ڕێزگرتن لە ژیان و پەیامەکەی پێغەمبەر.
AM:09:24:04/09/2025
ئهم بابهته 540
جار خوێنراوهتهوه