وێستگەنیوز_
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان دەڵێت: "لە ساڵی 2021 دۆسیەی قەرزەکانی کۆمپانیای نالیا لە بەرژەوەندی وەزارەتی دارایی یەکلایی بووەتەوە".
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی موڵکەکانی کۆمپانیاکانی نالیا و چاڤی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، بابەتی دۆسیەی قەرزەکانی کۆمپانیاکان، "یاساییە" و لە پرۆسەی زیادکردنی ئاشکرا دەفرۆشرێن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەندێک کەناڵی راگەیاندن و دەزگای میدیایی بەبێ بوونی زانیاریی دروست و بەڵگەی یاسایی، هەواڵی ناڕاستیان بڵاوکردووەتەوە.
وەکو لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، مێژووی وەرگرتنی قەرزەکانی کۆمپانیای نالیا و چاڤی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (2010 و 2011)، "کە ماوەی گەڕانەوەی قەرزەکە تەنها دوو ساڵ بووە، دوای چەندین جار ئاگادارکردنەوە هەردوو کۆمپانیای ناوبراو ئامادە نەبوون قەرز و سوودەکانی لەکاتی خۆی بگەڕێننەوە، لە ساڵی 2015وە ئەم دۆسیەیە لە دادگا كاری لەسەر دەكرێت، تاوەکو دواجار لە ساڵی 2021 دۆسیەکە لە بەرژەوەندیمان یەکلایی بووەوە و رێکاری یاسایی پێویست گیرایەبەر."
ئەوەش خراوەتەڕوو، "ئەو موڵکانەی کۆمپانیای نالیا و چاڤی کە پێشتر دەستیان بەسەرداگیراوە، بەپێی وێنەی تۆمار بەناوی کۆمپانیای نالیا و کۆمپانیای چاڤییەوە تۆمارن. لەبەر ئەوەی پێشتر قەرزەکان بەناوی ئەو دوو کۆمپانیایەوە وەرگیراون، بەپێی یاسا هەموو کۆمپانیایەک کەسایەتیی واتایی (معنوی)ی هەیە، هەربۆیە رێکاری یاسایی بەرامبەر کۆمپانیا دەگیرێتەبەر نەک تاکەکەس، گۆڕینی خاوەندارێتیی کۆمپانیاش کاریگەریی نابێت لەسەر کەسایەتیی واتایی کۆمپانیا و ئەو قەرز و پابەندییانەی لەئەستۆی ماوەتەوە."
وەزارەتی دارایی دەڵێت، "لە بەرامبەر وەرگرتنی قەرزەکانیان، کۆمپانیای نالیا و چاڤی بەدەر لە یاسا، بارمتەکانیان چەند جارێک گۆڕیبوو، دوایین جار چوار پارچە زەوییان وەکو بارمتەی قەرزەکە دانابوو، کە دوو جار یاساشکێنیی تێدا کرابوو."
PM:07:18:02/09/2025
ئهم بابهته 548
جار خوێنراوهتهوه