شاسوار عەبدولواحید بە پێنج مانگ زیندانیکردن سزادرا


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ سێشەممە 2ی ئەیلولی 2025، لە دادگای سلێمانی دوای دووجار لە دواخستنی سێیەمین دانیشتنی دادگایکردنی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەڕێوەچوو.


لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا دادوەر سزای پێنج مانگ زیندانیکردنی بەسەر شاسوار عەبدولواحید دا سەپاند، ئەم سزایەی بۆ شاسوار عەبدولواحید دەرکراوە، لەسەر سکاڵای شادی نەوزاد، پەرلەمانتاری پێشووی نەوەی نوێ بووە.

ئەندامانی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان و عێراق کە لەبەردەم هۆڵی دادگا ئامادەبوون بڕیارەکەیان بە سیاسی ناوبرد و رایانگەیاند، "سەرۆکی جوڵانەوەکەمان چ لە زیندان بێت یان دەرەوە، ئێمە بە شانازییەوە پشتیوانی دەکەین".

ئاماژەیان بەوەشکرد، "دەستگیرکردنی سەرۆکی گەورەترین هێزی ئۆپۆزسیۆن بە سیاسیی کراوە و دوورە لە یاسا، هەروەها ئەم دۆسیەیە کاردانەوەی ناوخۆیی و دەرەکی بەدوای خۆیدا هێناوە".

شەوی 12ی ئابی 2025، شاسوار عەبدولواحید لە لایەن هێزێکی پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکرا و سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیس رایگەیاند، "لەسەر چەند سکاڵایەک ناوبراو دەستگیرکراوە"، رۆژی 21ی ئابی 2025، یەکەم دانیشتنی دادگایکردنی شاسوار عەبدولواحید بەڕێوەچوو، بڕیاری دواخستنی دانیشتنەکە درا بۆ 28ی ئابی 2025، بەڵام دووبارە دانیشتنەکە بۆ ئەمڕۆ 2ی ئەیلولی 2025 دواخرا و ئەمڕۆش دادوەر سزای پێنج مانگ زیندانیکردنی بەسەر شاسوار عەبدولواحید دا سەپاند.


AM:10:41:02/09/2025


ئه‌م بابه‌ته 396 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو