رێبەر ئەحمەد: جێبەجێکردنی مادەی 140 و رێککەوتنی شنگال کلیلی چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانن
وێستگەنیوز-
وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، جێبەجێکردنی مادەی 140 و ڕێککەوتننامەی شنگال کلیلی چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانن، ئاماژە بەوەشدەکات هێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕی لەناوبردنی داعشدا قوربانییەکی زۆری داوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 1ی ئەیلولی 2025، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی رێوڕەسمی کردنەوەی مزگەوتی گەورەی 'نوری' و کەنیسەکانی 'تاهیرە' و 'ساعە' لە موسڵ لە وتارێکدا رایگەیاند، "تاوانەکانی گرووپە تیرۆریستییەکانی داعش، بەتایبەتی لە موسڵ و دەشتی نەینەوا و شنگال، ئیرادەی گەلەکەمان بۆ مانەوە و پێکەوەژیان ناشکێنێت".
ئاماژەی بەوەکرد، "ئەو تیرۆریستانە پەرستگاکانیان کردە ئامانج، کۆمەڵکوژییان دژ بە ئێزیدییەکان ئەنجامدا، مەسیحییەکان و هەموو پێکهاتەکانی نەینەوایان ئاوارە کرد و هەوڵیاندا ناسنامەی شارەکە بسڕنەوە".
وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم وتی، "هێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕی لەناوبردنی داعشدا قوربانییەکی زۆری داوە و خوێنیان لە گۆڕەپانی جەنگدا لەگەڵ هێزە عێراقییەکان تێکەڵ بووە، ئەمەش دووپاتی دەکاتەوە پاراستنی شار و هاوڵاتییان بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە".
وتیشی، "خێرا جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال هەنگاوێکی گرنگ و پێویستە بۆ گەڕانەوەی زیاتر لە 300 هەزار هاوڵاتی ئێزیدی بۆ ناوچەکانیان".
جەختی لەوەشکردەوە، "جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستووری عێراق دەروازەیەکی سەرەکییە بۆ چەسپاندنی دادپەروەری و کۆتاییهێنان بە دۆسییە هەڵپەسێردراوەکان کە سەقامگیری ئەو ناوچانە دەستەبەردەکات".
PM:04:32:01/09/2025
ئهم بابهته 1020
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت