ئۆجەلان: ئەم جارە بە سەختی دەرفەتی ئاشتیمان بەدەستخست


وێستگەنیوز_

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە پەیامێکدا بۆ کۆنفرانسی "ئاشتییە سەختەکەی تورکیا" رایگەیاند، "ئەم جارە بە سەختی دەرفەتی ئاشتیمان بەدەستخست".

کۆنفرانسەکە ئەمڕۆ دووشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2025 لە شاری هەولێر بەڕێوەدەچێت کە مەبەست لێی ئەنجامدانی گفتوگۆیە لەبارەی داینامیکەکانی چەکدانانی پەکەکە و خۆهەڵوەشاندنەوەی و گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی ناوخۆیی تورکیا لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداوەوە رێکخراوە.
 
لە پەیامەکەیدا عەبدوڵلا ئۆجەلان لە دورگەی ئیمراڵییەوە پەیامێکی ناردووە و دەڵێت: "ناونیشانی کۆنفرانسی 'ئاشتییە سەختەکەی تورکیا' رەنگدانەوەی راستییەکانە. لە ئەزموونی 40 ساڵەی رابردووماندا چەندین جار لەڕێی ئەزموونی تاڵەوە، سەختیی ئەگەر و دۆخی بەدیهاتنی ئاشتیمان بینی، ئەم جارەش دەرفەتی ئاشتیمان 'بە سەختی بەدەستخست'، بەڵام بە تەواوی هەستیاری و توانامانەوە هەوڵدەدەین ئەو دەرفەتە بگەیەنینە ئەنجام".
 
ئاماژەی بەوەشداوە، "ئەگەر ئەم پرۆسەیە لە تورکیا سەرکەوێت، چارەنووسی تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت؛ سەردەمێکی نوێی وەها دەستپێدەکات کە ژیانێکی دیموکراسیی پشتئەستوور بە ئاشتی، جێگەی جەنگ و کاولکارییەکان دەگرێتەوە."
 
"پێشنیازی من ئەوەیە، کورد لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە خۆیان بگونجێنێت کە دەرفەتی پەیوەندیی کۆمەڵگەی دیموکراسییان پێدەدەن. من ئەمە بە یەکخستن لەسەر بنەمای کۆمەڵگەی دیموکراسی پێناسە دەکەم." عەبدوڵلا ئۆجەلان وا دەڵێت.
 
باسی لەوەشکردووە، "ئەم پرۆسەیەی بەڕێوەی دەبەین، بەم بنەمایە دەبەستمەوە و پێموایە سەرکەوتووش دەبێت، بەڕای من پەیوەندیی نێوان کوردانیش پێویستە هەر لەسەر بنەمای یەکێتی دیموکراسیانە بێت. بانگەواز لە تەواوی کوردان دەکەم بۆ ئەوەی لە زەمینەیەکی دیموکراسیدا کۆببنەوە و یەک بگرن."


AM:11:31:01/09/2025


ئه‌م بابه‌ته 388 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو