رێکخراوی سەربەخۆی ژنان: ساڵانە نزیکەی (50) ژن دەکوژرێت
وێستگەنیوز-
رێکخراوی سەربەخۆی ژنان بەیاننامەیەکی دژی کوشتنی ژنان بڵاوکردەوە و دەڵێت، "کە زیاتر لە 30 ساڵە کوردستان لەناو کێشمەکێشە سیاسییەکاندا غەرق و نغرۆ بووە، هەر لە جیاکاری، ستەم و توندوتیژی لە دژی ژنان بۆ چەندین دیاردەکەی کۆنەخوازانەی دیکە".
ئەمڕۆ دووشەممە 18ی ئابی 2025، رێکخراوی سەربەخۆی ژنان رایگەیاند، "یەکێک لە دیاردە بەرجەستەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردستان و هەموو جۆرەکانی هەڵاواردن و بێڕێزیکردن بە کەسایەتی ئینسانی ژن بە شێوەیەکی رێکخراو لە ئاستی کۆمەڵگەدا بەڕێوەدەچێت، لەڕووی کۆمەڵایەتی، یاساییەوە و میدیاییەوە فرەژنی وەک کاڵایەک رۆژانە کۆمەڵگە گوێبیستی دەبێت، گێچەڵی سێکسی و هاندانی تووندوتیژی لە مینبەرە فەرمییەکانی حزبە دەسەڵاتدارەکان، میدیاکان و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە وەک ژەهر دەڕێژرێت و سوکایەتی و هاندان بۆ بەکەم دانانی ژن دەکرێت".
ئاماژە بەوەکراوە، "لە رووی کۆمەڵایەتی، سیاسییەوە و برەودان بە فەرهەنگی پیاوسالاری، ئایینی و نامووسپەرستی و جیاکاری لەلایەن دەسەڵاتەوە، وایکردووە بە ئاسانی هەڵگرانی ئەم فەرهەنگە ببنە هۆکاری بەردەوامی کوشتنی بە لێشاوی ژنان، هەزاران کچ و ژن بوونەتە قوربانی ئەم فەرهەنگە دواکەوتووە و دیاردەی ژنکوژی بووەتە قێزەونترین مەسەلەی ئەم کۆمەڵگەیە و مۆری رەشی لە ناوچاوانی دەسەڵات و سیستمی پیاوسالاری داوە، کە ساڵانە ئاماری کوشتنی ژنان بەردەوام بێت و بەپێی ئامارە فەرمییەکانی دامودەزگاکانی حکومەت ساڵانە نزیکەی 50 ژن دەکوژرێت".
رێکخراوەکە دەڵێت، "ئاماری راست و درووست هەتا بەردەستیش نییە، کە ئێمە وەک (ڕێکخراوی سەربەخۆ) دڵنیاین کە هەندێ لە کوشتنەکانی ژنان دەشاردرێنەوە بە کوشتن ئەژمارناکرێن بەڵکو دەکرینە ڕووداو و خۆکوشتن. لە لایەکی دیکەوە خۆسوتاندنی ژنان و سوتاندنی ژنان بەشێکی دیکە دەچێتەوە ناو چوارچێوەی کوشتن بەناوی ناموس کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ژنان لە ژێر فشاری خێزان و کۆمەڵگەدا وتەکانیان دەگۆڕن".
دەشڵێت، "چەندین رێکخراوی ژنان لە ماوەی رابردوودا چالاکی جۆراو جۆریان ئەنجامداوە، شەونخۆنی، خۆپشاندان، کۆنگرەی ڕۆژنامەنوسی، نوسین و فشاردانان لەسەر دەسەڵات، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتی کوردی گوێبیستی داوا مەدەنییەکان نییە و پشتگوی خستووە".
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "ئێمە وەکو رێکخراوی سەربەخۆی ژنان دەنگی ناڕەزایەتی خۆمان بەدژی کوشتن و سوکایەتی کردن بەژنان هەڵدەبڕین و ئەم دۆزەخەی کە یەخەی کۆمەڵگا و ژنانی گرتووە دەبیت کۆتایی پێبێت، دەبێت ژنانی کوردستان بەرەو دۆخیکی باشتر بڕوات، ئەمەش بە خەباتی لێبڕاوانەی ژنان خۆیان و بە بزووتنەوەی یەکسانیخوازی و هەموو ئەوانەی کە لەدژی هەرستەم و نایەکسانیەکی کۆمەڵگا بەدەنگ هاتوون".
ئاماژە بەوەشداروە، "ئێمە بانگەوازی تەواوی ژنان و پیاوانێک دەکەین کە خۆیان بە هاوبەشی ئامانجەکانی ئێمە دەزانن و دڵیان بۆ باشترکردنی ژیانی ژنان و کۆتایی هێنان بە کوشتنی ژنان و جیاکاری لێدەدات، باپێکەوە ئەم خەباتە بکەین و کۆمەڵگایەکی مەدەنی و ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی بگەڕینینەوە بۆ تەواوی کۆمەڵگە".
PM:06:49:18/08/2025
ئهم بابهته 424
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت