دارا سێکانیانی: رادەستنەکردنی نەوت و داهاتی نانەوتی بیانووە لەبەردەم بەغدا بۆ نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم


وێستگەنیوز- سازگار ئەحمەد

سبەی سێشەممە 19ی ئابی 2025، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و یەکێک پرسەکان کە بڕیاری لەسەر دەدرێت ناردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەبێت، بەڵام تائێستا دیارنییە بڕیاری ناردن یان نەناردنی دەدات، چونکە هەرێمی کوردستان نە داهاتی نانەوتی و نە نەوتی بۆ بەغدا نەناردووە.


لەبارەیەوە ئەمڕۆ دووشەممە 18ی ئابی 2025، دارا سێکانیانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان نەوت و داهاتی نانەوتی رادەستی بەغدا نەکات بیانووێک لە بەردەستی حکومەتی عێراق هەیە کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەنێرێت".

ئاماژەی بەوەکرد، "ئەگەر هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم تاوەکو کۆتایی ساڵ پابەندبن بەو رێککەوتنەی کە لە نێوانیاندایە، ئەوا تاوەکو کۆتایی ساڵ کێشە بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دروست نابێت".

بەپێی رێککەوتنی نوێی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بێت، دەبێت مانگانە هەرێم 120 ملیار داهاتی ناوخۆ رادەستی بەغدا بکات، هەروەها هەناردەکردنی نەوت وەک وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاماژەی پێداوە، "بەپێی بەرهەمی رۆژانەی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت، ئەویش دوای ئەوەی 50 هەزار بەرمیل بۆ پێویستی ناوخۆی هەرێم گلدەدرێتەوە، بەرهەمەکەی دیکە بۆ هەناردەکردن رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت".

لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت دارا سێکانیانی وتی، "هەناردەکردنەوەی نەوت پرسێکە پەیوەندی بە چەند بابەتێکەوە هەیە یەکێک لەوانە هەردوو حکومەتی عێراق و تورکیایە، دووەمیش کۆمپانیا نەوتییەکانە کە تاوەکو چەند ئامادەسازن بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت".

ئەو پەرلەمانتارە پێی وایە، "هەناردەکردنەوەی نەوت بەشێک لە گرفتە سەرەکییەکە چارەسەر دەکات، چونکە داهاتی نانەوتی هەرچۆنێک بێت رێککەوتن دەکرێت لەسەری ، بەڵام دۆسییەی نەوت دۆسییەکی ئاڵۆزە و کۆمپانیاکانی نەوت و عێراق داواکارییان هەیە، هەروەها تورکیاش داوای رێککەوتنی نوێ دەکات".

سەبارەت بە یاسانی نەوت و غاز ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، "یەکێک لە کارنامەکانی کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی دەرکردنی یاسای نەوت و غاز بوو کە چارەسەری کێشەی نەوت و غازی دەکرد لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغدا، بەڵام نەکرا".


PM:02:03:18/08/2025


ئه‌م بابه‌ته 1184 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت