رێگەی نێوان هەولێر و بەحرکە کرایەوە


وێستگەنیوز_

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، ئەمڕۆ ڕێگای نێوان هەولێر و بەحرکە دەکرێتەوە و چەند ڕۆژێکی دیکەش ڕێگای خەبات-هەولێر دەکرێتەوە و دەکەوێتە خزمەتی هاوڵاتیان. ئەمەش دوای ئەوەی رۆژی 6ـی 7ـی 2025، رێگەکە لە بەرزەپردی شەقامی 120 مەترییەوە بە ئاراستەی بەحرکە داخرا و دەست بە نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی کرا. 
 
ئەمڕۆ دووشەممە 18ـی 8ـی 2025 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کردنەوەی رێگەی هەولێر - بەحرکەی راگەیاند، کە پێشتر بە مەبەستی قیرتاوکردن و نۆژەنکردنەوەی داخرابوو و وتی، قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی بە یەکتر بەستنەوەی شەقامەکانی 100 مەتری و  120 مەتری بە ئاراستەی هەولێر بوو، قۆناخی دووەمی پڕۆژەکەش نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی بە یەکتر بەستنەوەی شەقامەکانی 120 مەتری و 150 مەتری بوو کە دەبێتەوە سووڕانەوەی یەکەم تاوەکو بەرزەپردەکەی شەقامی 150 مەتری.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، پڕۆژەکە نزیکەی پێنج کیلۆمەترە و  گوژمەی ملیارێک و 900 ملیار دیناری بۆ جێبەجێکردنی تەرخانکرابوو. 
 
بە وتەی ئومێد خۆشناو، رێگەکە بە تەواوی هێڵکاری بۆ کراوە و شۆفێران دەتوانن لە ئەمڕۆوە هاتووچۆی پێدا بکەن، ئەو رێگەیە دەبێتە بەشێکی دیکە لە میکانیزمی کەمکردنەوەی قەرەباڵخیی ناوشار.

"لە سەرەتای کابینەی نۆیەمەوە بە گوژمەی دوو ترلیۆن و 300 ملیار دینار، پڕۆژە لە هەولێر جێبەجێکراون و بێگومان ئەم ساڵ و ساڵانی داهاتوو، ژمارەیەک لەو پڕۆژە ستراتیژییانە دەبنە بەشێکی گرنگ لە گەشەسەندنی شارەکەمان.'' وەک ئومێد خۆشناو ئاماژەی پێدا.


PM:12:44:18/08/2025


ئه‌م بابه‌ته 160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت