له 2017وه یهك بارهگای حزبی كوردستانی له ناوچهكانی گوڵاله و سهعدییه بوونی نییه
وێستگەنیوز- سازگار ئەحمەد
لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نزیکدەبینەوە، بەڵام دوای تێپەڕبوونی نزیکەی هەشت ساڵ بەسەر رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر تائێستا بارەگای حزبە کوردستانییەکان لە بەشێک لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان نەکراونەتەوە، وەک بەرپرسان ئاماژەی پێدەدەن نەکردنەوەی ئەم بارەگایانە کاریگەریی نەرێنی لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەبێت.
ئەکبەر حەیدەر خان، بەرپرسی لقی 15ی پارتی لە خانەقین بە وێستگەنیوزی راگەیاند،نەکردنەوەی بارەگای حزبە کوردستانییەکان لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کاریگەری نەرێنی لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن دەبێت.
هەروەها ناوبراو وتى، "دەرنەبڕینی رەزامەندی بۆ کردنەوەی بارەگاکان لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کێشەیەکی سەرەکییە بە تایبەت لە ناوچەکانی جەلەولا و سەعدیە، هەروەها بە فەرمی داوامان لە بەڕێوەبەری ناحیەی جەلەولا کردووە کە بارەگامان لەو ناوچەیە بکرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ دەستی دەستیمان پێدەکەن و رەزامەندییان دەرنەبڕیوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "بەڕێوەبەری ناحیەی جەلەولا هۆکاری رێگەنەدان بە کردنەوەی بارەگای حزبە کوردییەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کە جەماوەر قبووڵی ناکات".
ناوبراو باسی لەوەشکرد، "هەم پارتی دیموکراتی کوردستان و هەم حزبە کوردییەکانی دیکە حزبی فەرمین بە مۆڵەتی فەرمی کاردەکەن".
ئەکبەر حەیدەر وتی، "لە دوای 16ی ئۆکتۆبەر بارەگای لقی 15ی خانەقین داگیرکراوە و سوپای عێراق و حەشدی تێدایە، تاوەکو ئێستا چۆڵیان نەکردووە".
لەبارەی کاریگەریی نەکردنەوەی بارەگا حزبییەکان لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژەی بەوەدا، "نەکردنەوەی بارەگای حزبە کوردستانییەکان لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر دەنگدەری ئێمە و لەوانەیە دڵەڕاوكێ و قەلەقی و ترسییان لا دروست ببێت کە بارەگای لق لەو ناوچانە نییە".
وتیشی، "ئەگەر بارەگای حزب لەناو جەماوەرەکەی نەبێت بێ متمانەیی لای جەماوەرەکەی دروست دەکات، ئەمەش وادەکات لەبری ئەوەی حزبەکە بەرەو پێش بچێت و سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، لەوانەیە پاشەکشێ بکات".
ئەکبەر حەیدەر خان جەختی لەوەشکردەوە، "هەبوونی بارەگای حزب لە هەر ناوچەیەک وادەکات بەشداری هەڵبژاردنی جەماوەر بەبێ ترس و دڵەڕاوکێ زیاتر ببێت".
لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 بارەگای حزبە کوردستانییەکان لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان داخران، تاوەکو ئێستاش بارەگای حزبەکان لە ناوچەکانی گوڵاڵە، شارەبان و سەعدییە و مەندەلی و خانەقین و دیالە و قەرەتەپە و چەند ناوچەیەکی دیکە نەکراونەتەوە.
بەپێی ئەو وادەیەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دیاریکردووە بڕیارە لە 11ی تشرینی دووەمی 2025، پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.
PM:01:48:17/08/2025
ئهم بابهته 524
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت