سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: دەستەی داهاتووی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان دەستەیەکی هەمیشەیی دەبێت


وێستگەنیوز-

سەرۆکی فراکیسۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، هیوادارین لە مانگی ئەیلول پەرلەمانی کوردستان کۆبێتەوە، ئاماژە بەوەشدەکات، دەستەی داهاتووی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان دەستەیەکی هەمیشەیی دەبێت.


ئەمڕۆ یەکشەممە 17ی ئابی 2025، ڤالا فەرید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "هیوادارین بەپێی ئەوەی لیژنەی دانوستانکاری هەردوولا (پارتی و یەکێتی) لەسەری پێکهاتوون لە مانگی ئەیولدا پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە."

سەبارەت بە کارنامەی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان، ڤالا فەرید وتی، "یەکەم کاری پەرلەمان ئەوەیە، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرێت"، جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، "دەستەی سەرۆکایەتیی داهاتوو "دەستەیەکی هەمیشەیی دەبێت نەک کاتی".

وتیشی، "دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی، پەرلەمان دەست بە کارەکانی دیکەی دەکات، لەوانەش پێکهێنانی لیژنە هەمیشەییەکان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان".

پێنجشەممەی ڕابردوو، 14ی ئابی 2025، لە شاری هەولێر، هەردوو شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە، بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە بێت، بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و ئەو پێشهاتانەی لە ئارادان، بۆ رێزگرتن لە ویست و ئیرادەی خەڵکی کوردستان، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە هەوڵی چڕ و جیددی بدرێت بۆ ئەوەی ئەیلوولی داهاتوو، خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەست بە کار و چالاکیی ئاسایی و یاساییی خۆی بکات.

هاوکات هەردوولا، جەختیان لە پێویستیی بەردەوامبوونی هەنگاوەکانی دیکەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە.


PM:01:16:17/08/2025


ئه‌م بابه‌ته 780 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت