کۆمپانیای نەوتی باکوور: ئامادەکاری تەواو بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت کراوە


وێستگەنیوز-

بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور رایدەگەیەنێت، ئامادەکاری تەواو بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت کراوە، ئاماژە بەوەشدەکات، ئەمڕۆش کارمەندی دیکەیان لە بەندەری جەیهان داناوە.


ئەمڕۆ شەممە 16ی ئابی 2025، عامر خەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە، "ئەمڕۆ 13 کارمەندی کۆمپانیاکەمان ناردە بەندەری جەیهانی تورکیا، ئەوەش وەک زیادکردنی پاڵپشتیی لۆجیستی بۆ ئەو کارمەندانەی لەوێ جێگیرمان کردبوون".

بەپێی وتەی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور، ئێستا 21 کارمەندی کۆمپانیاکەیان لە بەندەری جەیهانن.

بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور وتی، "چوونی ئەو کارمەندانە پەیوەندی بە گفتوگۆکردن لەگەڵ تورکیا نییە و پێشتر لەگەڵ تورکیادا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت رێککەوتووین".

14ی ئەم مانگە عامر خەلیل، کە خۆی سەرۆکایەتیی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراقی لە دوایین کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کرد رایگەیاندبوو، "وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پێی راگەیاندین، هێشتا لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی، بڕیارە رۆژی شەممە لەگەڵ کۆمپانیاکان کۆببنەوە. ئێمەش چاوەڕێی ئەنجامی کۆبوونەوەکە دەکەین."

عامر خەلیل ئەمڕۆ وتویەتی، "بڕیاربوو ئەمڕۆ کۆبوونەوەکە بکرێت و نازانین بۆچی وەڵاممان نەدراوەتەوە، چاوەڕێی وەڵامی سامانە سروشتییەکانین بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت و ئامادەیی تەواومان کردووە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هیچ وەڵامێکمان بەدەست نەگەیشتووە".


PM:09:51:16/08/2025


ئه‌م بابه‌ته 660 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو