پارتی لەبارەی رێککەوتنی لەگەڵ یەکێتی لەسەر پرسی پێکهێنانی حکومەت زانیاری ئاشکرادەکات
وێستگەنیوز-
وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، لەسەر بنەماکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رێککەوتووین.
ئەمڕۆ شەممە 16ی ئابی 2025، مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان بە میدیای حزبەکەی راگەیاند، "لەسەر بنەماکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یەکێتی رێککەوتووین، هەروەها هەندێک بابەتی دیکە هەیە وەک دابەشکردنی پۆست و پەرلەمان و چەند شتێکی دیکە، کە گفتوگۆی زۆریان لەسەر کراوە و ڕەنگە لەم چەند ڕۆژەی داهاتوو کۆتایی پێ بێت".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "شێوازی چۆنیەتی تێگەیشتنی هەرلایەک بۆ چۆنیەتی کاری حکومی کاتی ویستووە، خاڵی هاوبەشیش ئەوەیە چۆن قەوارەی هەرێمی کوردستان و ئەم دەستکەوتانەی هەیە بیانپارێزین و رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببینەوە".
وتەبێژی پارتی وتویەتی، "ئێمە دوو حزبی جیاوازین، ڕەنگە لەهەندێک بابەت تێگەیشتنمان وەکوو یەک نەبێت و جیاواز بێت، چونکە رەنگە بیرۆکەی جیاوازمان لە شێوازی حوکمڕانی هەبێت، هەروەها هیچ خاڵێکی ناکۆکی وەها نییە ببێتە هۆی پێکنەهێنانی حکومەت".
هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لە 20ی تشرینى یەکەمی 2024 ئەنجام درا، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان پێکنەهێنراوە.
PM:04:54:16/08/2025
ئهم بابهته 1100
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت