زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی دیداری کوردناسی ساز دەکات
وێستگەنیوز_
ناوەندی کەشکۆڵ لە زانکۆی ئەمریکی عێراق – سلێمانی (AUIS) دیداری یەکەمی کوردناسی لە 25 تا 27ی سێپتەمبەری 2025 لە بارەگای زانکۆ لە سلێمانی ساز دەکات.
ئەم دیدارە بۆ گفتوگۆی شارەزا و توێژەر و هونەرمەندان و نووسەرانی ناوخۆی کوردستان و جیهانە سەبارەت بە مێژوو، کۆمەڵناسی، هونەر و کلتور و ناسنامەی کورد.
ئەم دیدارە دەبێتە چالاکییەکی ساڵانە و ئاماژەیە بۆ بایەخی AUIS، وەک ناوەندێکی دیاری ڕەخنەیی فکری و زانستپەروەر بۆ دیالۆگی ڕۆشنبیری و فەرهەنگی ئاست بەرز لە کوردستان و ناوچەکە. لە ماوەی ئەم سێ ڕۆژەدا، ئامادەبووان باس لە ڕەهەندەکانی کوردناسی دەکەن لە بوارەکانی بیری سیاسی وئەنترۆپۆلۆجیا و ئەدەب و زمان و هونەر.
زانایان و توێژەرانی ناودار لە کوردستان و عێراق و ناوچەکە و جیهان بانگهێشتکراون بۆ دیداری کوردناسی، کە ئامادەسازی دەکرێت بۆ بەشداربوونی فراوانی توێژەر و هونەرمەندانی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان کە دەیانەوێت هاوبەشی بکەن لە پەرەپێدانی ئەم بوارە گرنگە مەعریفیە.
جگە لە لایەنی ئەکادیمی، (دیداری کوردناسی) پێشانگایەکی هونەری ڕێکدەخات بۆ پێشاندانی هونەری شێوەکاری هاوچەرخی کوردی و نمایشێکی تایبەت بە مۆسیقا و ئاهەنگێکی ناوازەی کوردی پێشکەش دەکات، ئەم چالاکییە هونەری و ڕۆشنبیرییە بە هاوکات لەگەڵ خولی دووەمی فێستیڤاڵی (ئاوازی گەلان لە هەواری شار) بەڕێوەدەچێت.
لەم فێستڤاڵە موزیکییەدا تیشک دەخرێتە سەر دەوڵەمەندی کەلەپووری هونەر و مۆسیقای کوردی و پەیوەندیی مێژوویی بە کولتوور و میوزیک و شارستانییەکانی گەلانی دەوروبەر، هەروەها جەخت لەسەر ڕۆڵی هونەر و مۆسیقا وەک پردێک لە نێوان گەلاندا دەکرێتەوە.
لە کۆڕبەندەکەدا پێشانگای کتێب و پلاتفۆرمی چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەکادیمی پێشکەش دەکرێت و تیشک دەخرێتە سەر نوێترین بڵاوکراوەکان و بەشدارییە ناوازەکان لە بواری خوێندنی کوردیدا و دەرگا بەڕووی دەنگی زانستی نوێ و پێشەنگدا دەکرێتەوە.
ماری لابرۆس، بەڕێوەبەری سەنتەری کەشکۆل لە AUIS رایگەیاند: "ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی هەمەلایەنە کە بەتەواوەتی تایبەتە بە بابەتەکانی کوردناسی، و ئامانجمان تەنها تیشک خستنە سەر دەوڵەمەندی و هەمەچەشنی مێژوو و کولتوری کورد نییە، بەڵکو ئامانجمان دامەزراندنی زەمینەی لێکۆڵینەوەی ئەکادیمیی دروستە کە دەشێت بەشداربێت لە بەرزکردنەوەی تێگەیشتنی گشتی، دیالۆگی ناوچەیی، و ئاڵوگۆڕ و ناساندنی کولتووری نێوان کورد و گەلان لەڕێگای کۆکردنەوەی دیارترین بیرمەند و داهێنەرەکان لە ناوخۆی کوردستان و دەرەوەدا کە ئەمەش دەبێتە ڕێگایەک بۆ هەماهەنگی و کارلێکی فکری لەگەڵ ئەزمونی کوردیدا بەو پێیەی ئەزمونێکی مایەی بایەخ و گرنگی جیهانییە و دەرفەتی وەرچەرخان و گۆڕانکاریی هەیە."
هەروەها بیلال وەهاب، سەرۆکی AUIS، لەم بارەیەوە دەڵێت: کۆڕبەندی توێژینەوەی کوردی ئاماژەی پابەندی زانکۆیە بە توێژینەوەی زانستی جددی، هەروەها شانازیکردنە بە دەوڵەمەندی و زیندویی و هەمەچەشنی لە ژیانی ڕۆشنبیری کوردیدا."
دیداری کوردناسی، لەسەر بنەمای (دیداری سلێمانی) سلێمانی بنیات نراوە کە بووەتە کۆڕبەندێکی بەناوبانگی دیالۆگ بۆ شرۆڤەی سیاسەتی ناوچەیی و پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
تێبینی: وردەکارییەکانی بەرنامەکە و هاوبەشێتی بەشداربووان و ناو تۆمارکردن لە هەفتەکانی داهاتوودا ڕادەگەیەنرێت.
بۆ پرسیارکردن، پەیوەندی بکەن بە:
شێنێ محمد
لایەنی پەیوەندیدار بە ڕاگەیاندن:
بەشی پەیوەندیەکان
زانکۆی ئەمریکی لە عێراق، سلێمانی
PM:07:17:12/08/2025
ئهم بابهته 492
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت