لەبارەی وەرگرتنی بەشەخۆراکی مانگانەوە هاوڵاتییان ئاگاداردەکرێنەوە


وێستگەنیوز- سازگار ئەحمەد

ئاگاداری ئەو هاوڵاتییانە دەکرێتەوە کە مانگانە لەکاتی خۆیدا ناچن بەشەخۆراکەکانیان وەربگرن.


ئەمڕۆ سێشەممە 12ی ئابی 2025، کامەران فەتاح، بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "ئاگاداری بریکارەکانمان کردووەتەوە ئەگەر هاتوو هەر هاوڵاتییەک بۆ ماوەی دوو مانگ بەشەخۆراکەکەی وەرنەگرێت ئێمەی لێ ئاگاداربکاتەوە".

ئاماژەی بەوەکرد، "ئەگەر لە دوای سێ مانگ خۆراک لە گەنجینە دابنرێت خراپ دەبێت و تێکدەچێت، بۆیە کاتێک هاوڵاتییەک بۆ ماوەی دوو مانگ بەشەخۆراکی وەرنەگرت، دوای ئەوەی بریکارەکە ئێمەی ئاگادارکردەوە پەیوەندی دەکرێت بە هاوڵاتییەکەوە ئەگەر هەر وەڵامی نەبووە بەشەخۆراکەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆگاکان".

هەروەها نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری بازرگانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لە چوارچێوەی سیستمی ئەلیکترۆنی پسوولەی خۆراک، لەمەودوا نابێت بەشەخۆراک لای بریکارەکان بمێنێتەوە و راستەوخۆ دەگەڕێندرێتەوە کۆگاکان، هەر هاوڵاتییەک لەکاتی دابەشکردنی بەشەخۆراک بەشەکەی وەرنەگرێت و لای بریکارەکان بمێنێتەوە، راستەوخۆ ناوی لە پسوولە دەسڕدرێتەوە".


AM:09:48:12/08/2025


ئه‌م بابه‌ته 436 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو