لە رۆژی جیهانی لاواندا، هۆشداری لە خراپی دۆخی لاوانی هەرێمی کوردستان دەدرێت


وێستگەنیوز-

نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی 12ی ئابی هەموو ساڵێکی بە رۆژی جیهانی لاوان دیاریکردووە، لەم رۆژەدا سەنتەری پەرەپێدانی لاوان هۆشداری لە خراپی دۆخی لاوانی هەرێمی کوردستان دەدات.


ئەمڕۆ سێشەممە 12ی ئابی 2025، سەنتەری پەرەپێدانی لاوان بەبۆنەی رۆژی جیهانی لاوانەوە لە پەیامێکدا رایگەیاند، "لەم رۆژەدا پیرۆزبایی لە لاوانی هەرێمی کوردستان دەکەین و هەموو ئەو لاوانەشی کە لە هەندەران و لەبەر خراپی دۆخی هەرێم و کەمی هەلی کار کۆچیان کردووە و نیشتیمانیان جێهێشتووە".

ئاماژە بەوەکراوە، "لە رۆژی لاوان هۆشداری دەدەین بە دەسەڵات و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە دۆخی گەنجان و داوا دەکەین هەرچی زووە کار لەسەر کێشە و ئاریشەکانی لاوان بکرێت و گرنگی بەژیانیان بدرێت ئەگەر نا هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی قەیرانی کەمی لاو و گەنج دەبێتەوە ئەویش بەهۆکاری کۆچی بەردەوام كه‌ حكومه‌ت له‌ ئاستی بێ باك و خه‌مسارده‌".

سەنتەری پەرەپێدانی لاوان دەڵێت، "لاوان بەدەست کەمی هەلی کار و لاوازی داهاتی رۆژانە و نەبوونی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێن و هەموو ئەو نەهامەتیانەش حکومڕانانی هەرێم لێی بەرپرسن".

دەشڵێت، "لە ئێستادا گرفتێکی دیکەی گەورە رووی لە گەنجان کردووە ئەویش مەترسییەکانی مادەی هۆشبەرەو بازرگانییەکی گەورەی پێوە دەکرێت لەناوچەکەدا و سەرگەردانی و نەهامەتییەکی ترە بۆ لاوانی کورد پێویستە بەهەمووان بەرەنگاری ببینەوە، هەروەها دیاردەی کوشتن رووی لەزیادی کردووە کە ئەوەش دەسەڵات لێی بەرپرسیارە له‌ كاتێكدا کوژراو و بکوژ، زۆربەی چینی گەنجانن، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە".

باس لەوەشکراوە، "لاوان لە زۆربه‌ی وڵاتە پێشکەوتووەکان بە سەرچاوەیەکی گرنگی مرۆییدا داده‌نرێن، به‌ڵام بە داخەوە ئەم سەرچاوەش وەکو سەرچاوەکانی تر لە هەرێمی کوردستان خەریکە کەم بایەخ دەکرێت و سوودی لێوه‌رناگیرێت".

سەنتەری پەرەپێدانی لاوان داوا لە تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان و تێکخراوەکانی تایبه‌ت به‌ لاوان دەکەن فریای دۆخی لاوان بکەون و چاره‌سه‌رێكی گونجاوی بۆ بدۆزنه‌وه‌.


AM:08:47:12/08/2025


ئه‌م بابه‌ته 360 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو