هەواڵی کۆبوونەوەی ترەمپ و مەسرور بارزانی راست نییە
وێستگەنیوز-
لەبارەی سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا و کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو وڵاتە وێستگەنیوز بەدواداچوونی کرد، دەرکەوت بەڵام هەواڵی کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا دوورە لەڕاستییەوە.
چەند میدیایەکی سەر بە بزووتنەوەی گۆڕان باڵی کوردسات لەنێویاندا "knn" لە میانەی راپۆرتێکدا بڵاویانکردووەتەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی سەردانی ئەمریکای کردووە بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە دوور لە چاوی میدیاکان.
بەپێی راپۆرتەکەی میدیای کەی ئێن ئێن بێت، لەلایەن سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم و بەیان سامی عەبدولڕەحمان، راوێژکاری سەرۆکی حکومەت ئامادەسازی کراوە بۆ کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی لەگەڵ ترەمپ، مەبەستی کۆبوونەوەکەش بۆ پرسی مووچە و نەوتی هەرێم و پرسی حەشدی شەعبی بووە.
بەپێی بەدواداچوونەکانی وێستگەنیوز لە کارنامەی کۆشکی سپی لەو رێکەوتەی باس کراوە بەهیچ جۆرێک کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و ترەمپی تیادا نییە.
بۆ پشتڕاستکردنەوەی زیاتری هەواڵەکە وێستگەنیوز، پەیوەندیی بە چەند بەرپرسێکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە کرد و رەتیانکردەوە مەسرور بارزانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆبووبێتەوە.
هەروەها پێش کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ سەرۆکی هەر وڵاتێکی دیکە وەک دەستوورێکی هەمیشەیی لەلایەن حکومەتەوە راگەیەندراوێک لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاودەکرێتەوە، بەڵام لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا هیچ راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەبووە لەسەر کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ.
PM:02:43:08/08/2025
ئهم بابهته 3704
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت