رێباز حەملان: هەفتەی داهاتوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی مانگی شەش دەدات


وێستگەنیوز-

یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، هەفتەی داهاتوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی مانگی شەش دەدات، ئاماژە بەوەشدەکات، حکومەتی هەرێم و بەغدا لە دانوستان بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ی ئابی 2025، رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی تاوتوێی کەناڵی ئێن ئاڕتی رایگەیاند، "حکومەتی عێراق جەختدەکاتەوە لەوەی کە داهاتەکانی هەرێمی کوردستان هەمووی بە فیدراڵی هەژماردەکرێت، ئەمەش پێچەوانەی دەستوورە".

ئاماژەی بەوەکرد، "حکومەتی هەرێم و بەغدا لە دانوستان بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە، یەکشەممەی داهاتوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێم دەدات".

باسی لەوەشکرد، "ئەگەر بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی شەش بدرێت حکومەتی هەرێم داهاتی ناوخۆ دەنێرێت بۆ بەغدا کە بەپێی رێککەوتنەکە 120 ملیار دینارە".

رێباز حەملان وتی، "دیاریکردنی رادەستکردنی بڕی داهات لەسەر هەرێم نادەستووری و نایاساییە، بەڵام هەرێم لەپێناو مووچەی فەرمانبەران هەموو نەرمییەکی نواندووە بۆ رێککەوتن".

وتیشی، "حکومەتی هەرێم و بەغدا لە دانوستان بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە، هەروەها هەرێم پابەندی رێککەوتنەکانی بووە لەگەڵ بەغدا و مانگانە داهاتی رادەستکردووە".

رۆژی یەکشەممەی داهاتوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی مانگی شەش دەدات، ئەگەر بڕیاری ناردنی مووچەی مانیگی شەش بدرێت حکومەتی هەرێم داهاتی ناوخۆ کە 120 ملیار دینار دەنێرێت بۆ بەغدا".

لەبارەی نەوتەوە یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێم باسی لەوەکرد، "بەغدا وتویەتی بەرهەمهێنانی نەوت بگاتە 150 هەزار بەرمیل ئەو کات دەتوانن بە بۆری رەوانەی بکەن".

راشیگەیاند، "هەرێم لەبەر ئەوەی پارەی نییە نەوت دەداتە کۆمپانیاکان، هەروەها بەپێی گرێبەستەکان کۆمپانیاکانی نەوت هەر گرفتێکتان بۆ دروستبکرێت دەتوانن هەرێم بدەنە دادگا".

لە بارەی هێرشە درۆنییەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم رێباز حەملان جەختی لەوەکردەوە، "بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە کێڵگە نەوتییەکان زیانی زۆریان بەرکەوتووە".


PM:08:41:07/08/2025


ئه‌م بابه‌ته 592 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو