بافڵ تاڵەبانی: هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان هێزێکی کاریگەرە بۆ چەسپاندنی ئارامی و ئاسایش
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ پێنجشەممە 7ی ئابی 2025، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی بارەگای فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستانی کرد، دیار عومەر، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان پێشوازی لە بافڵ تاڵەبانی و د. هاوڕێ شێخ دارۆ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی کرد و دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، عیراق و ناوچەکەیان تاوتوێکرد.
بەپێی راگەیەندراوی سەردانەکە بێت، بافڵ تاڵەبانی لە وتەیەکدا باسی لە رۆڵی قارەمانانەی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان کرد و وتی، "بەهۆی توانای بەرزی سەربازی و گەشەسەندنی بەردەوامەوە، هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان بووەتە پێشەنگ و نموونەیەکی درەوشاوەی هێزە ئەمنییەکان، نەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە ئاستی هەموو عێراقدا. هەماهەنگی و ئۆپراسیۆنە هاوبەشە سەرکەوتووەکانتان لەگەڵ هاوپەیمانان و هێزە عیراقییەکان، سەلمێنەری ئەو راستییەن کە کۆماندۆ هێزێکی کاریگەرە بۆ چەسپاندنی ئارامی و ئاسایش".
بافڵ تاڵەبانی بە رێزەوە یادی ئازایەتی و جوامێریی فەرماندە ئاکام عومەری وەک دامەزرێنەر و یەکەم فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان کردەوە و رایگەیاند، "کۆماندۆ ئەمانەتی ئەو شەهیدە قارەمانەیە بۆ ئێمە و وەک هەمیشە پشتگیر و هاوکارتان دەبین".
PM:05:46:07/08/2025
ئهم بابهته 224
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت