دەم پارتی داوای ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکات


وێستگەنیوز_

یەکەمین کۆبوونەوەی لیژنەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری کاتژمێر 11:00ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 5ـی 8ـی 2025 لە پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەچوو و تێیدا پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) داوای ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی کرد.
 
مەراڵ دانش بێشتاش، پەرلەمانتاری دەم پارتی کە ئەندامی لیژنەکەیە رایگەیاند، ئەو لیژنەیە چارەسەری هەموو گرفتەکانی بۆ ناکرێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە لە رێگەی چارەسەریدا وەکو یەکەمین دوگمەی کراسێک وایە.
 
لەبارەی پرۆسەی چارەسەری و هەنگاوەکانی وتی، "دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا ساڵی 2014 بڕیاری لەسەر دۆسیەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دا. جێبەجێکردنی مافی هیوا، هاوکات جێبەجێکردنی یاسا لەم بابەتەدا زۆر پێویستە".
 
راشیگەیاند، پرۆسەی چارەسەری تەنیا بۆ گەلی کورد نییە و بەڵکو هۆکارێکە بۆ ئەوەی کرێکاران، ژنان، گەنجان، عەلەوییەکان، کۆچبەران و تەواوی ئەوانەی جیاکارییان لەگەڵدا دەکرێت، بە مافی خۆیان بگەن.
 
بە وتەی مەراڵ دانش، "ئێمە لەپێناوی بەدیهێنانی دادپەروەری ئامادەین ببینە بەشێکی چالاکی ئەم پرۆسەیە. بە هەموو رەنج و توانامانەوە ئەمە بەڕێوەدەبەین. ئەم لیژنەیە تەنیا پلاتفۆرمێکی دیالۆگ نییە، هیوادارین ببێتە زەمینەیەک بۆ هەنگاونان لە بابەتی چارەسەرکردندا".
 
بڕیار بوو لیژنەکە لە 51 ئەندام پێکبێت، بەڵام بەهۆی کشانەوەی ئیی پارتی کە 3 ئەندامی بۆ دانرابوو، ژمارەی ئەندامەکانی بووە 48 کەس. ئەو لیژنەیە ناوەکەی لە 'تورکیای بێ تیرۆر'ــەوە گۆڕدرا بۆ 'لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی'.


PM:10:54:05/08/2025


ئه‌م بابه‌ته 452 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت