ئەوقافی سلێمانی: کێشەی کەمئاوی مزگەوتەکانی سلێمانی چارەسەرکرا


وێستگەنیوز_

بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی سلێمانی رایگەیاند، کێشەی بێئاویی مزگەوتەکانی سلێمانی چارەسەر کراون و ئەو دوو مزگەوتەی داخرابوون، کرانەوە.
 
هاوژین رەئووف، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە، 5ـی ئابی 2025، رایگەیاند، "بە شێوەیەکی کاتی کێشەی ئاوی مزگەوتەکانمان چارەسەر کردووە، ئێستا خەریکین کێشەکە بەتەواوەتی چارەسەر بکەین و ئاو بۆ ئەو مزگەوتانە رابکێشین."
 
ئاماژەی بەوەشکرد، "تەواوی سلێمانی کێشەی کەمیی ئاوی هەیە، بابەتەکە گشتییە و بەهۆی وشکەساڵییەوەیە و پەیوەندیی بە هیچ شتێکی دیکەوە نییە."
 
دەشڵێت: "لە ئێستادا بە تانکەر ئاویان بۆ مزگەوتەکان دابین کردووە و هیچ کێشەیەکیان نەماوە، زیاتر کێشەکە لەو مزگەوتانەدایە کە دەکەونە نێو بازاڕ و شوێنە گشتییەکانەوە".
 
هەروەها داوا لە هاوڵاتیان دەکات، هەر مزگەوتێک کێشەی کەمیی ئاوی هەبوو، ئاگاداریان بکەنەوە بۆ ئەوەی چارەسەری بکەن.

پێشتر و لە رۆژی یەکشەممە 3ـی ئابی 2025، سەرچاوەیەک بە وێستگەنیوزی راگەیاند، لە دوو رۆژی ئایندەدا (واتە ئەمڕۆ سێشەممە) نوسینگەی قوباد تاڵەبانی بە هەماهەنگی بەرێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی، وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان؛ کێشەی کەمئاوی و نەبوونی ئاو لە مزگەوتەکانی سلێمانی چارەسەر دەکات". 

ئەو سەرچاوەیە وتیشی، ئەو دوو مزگەوتەی بەهۆی کەمئاوییەوە داخراون، بەردەوام هاوڵاتیان و نوێژخوێنان سەردانی دەکەن و پەستانێکی زۆری لەسەربووە، هەر بۆیە بە زووترین کات کێشەکانیان چارەسەر دەکرێن".

ئەمە دوای ئەوە دێت، رۆژی 29ـی 7ـی 2025، بەهۆی کەمئاوییەوە، مزگەوتی کانێسکان لە سلێمانی، پاش 198 ساڵ لە دروستکردنی، دەرگاکەی داخرا.


PM:09:42:05/08/2025


ئه‌م بابه‌ته 568 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت