نوسینگه‌ی خانمی یه‌كه‌می عێراق روونكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌باره‌ت به دۆسیه‌ی (عه‌جاج) بڵاوكرده‌وه
وێستگه‌نیوز-
نوسینگه‌ی خانمی یه‌كه‌می عێراق رایگه‌یاند كه "له‌ڕێگه‌ی تیمێكی تایبه‌ته‌وه كاری كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌كان و وه‌رگرتنی ووته‌ی شاهیده‌كان دژی تۆمه‌تبار (عه‌جاج ئه‌حمه‌د حردان) به ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نرێت به مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنیان بۆ دادگا و ته‌واوكردنی ڕێكاره یاساییه‌كان.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه نوسینگه‌ی خانمی یه‌كه‌می عێراق روونكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌باره‌ت به دۆسیه‌ی تۆمه‌تبار (عه‌جاج ئه‌حمه‌د حردان) بڵاوكرده‌وه و تیایدا هاتووه كه "دوابه‌دوای هه‌وڵه‌كانی خانمی یه‌كه‌می عێراق بۆ ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی گرتوخانه‌ی نوگره سه‌لمان (عه‌جاج ئه‌حمه‌د حردان) كه رۆڵێكی زۆر دڕندانه‌و بكوژانه‌ی هه‌بووه له‌گه‌ڵ ئه‌نفالكراوه‌كانی گرتووخانه‌كه و كه‌س و كاره‌كانیاندا، و پاش دادگاییكردن و سزادانی (عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید) و پێنج گه‌وره به‌رپرسی دیكه‌ی تاوانی ئه‌نفال له‌لایه‌ن دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراق له ساڵی 2006 و 2007، دۆسیه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ بۆ چه‌ندین تۆمه‌تباری تاوانی ئه‌نفال كرایه‌وه كه (عه‌جاج) یه‌كێك بوو له‌و داواكراوانه".
نوسینگه‌ی خانمی یه‌كه‌می عێراق ده‌ڵێت: "له ئێستادا و له‌م قۆناغه‌دا پێویسته سكاڵا و ووته‌ی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه شاهیدی كاره‌كانی ئه‌م تۆمه‌تباره‌ن تۆمار بكرێت".
ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو كه "وه‌ك ئه‌ركێكی نیشتمانی و به مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی بارگرانی سه‌ر شانی سكاڵاكارانی دۆسیه‌ی ناوبراو له‌ڕێگه‌ی تیمێكی تایبه‌ته‌وه كاری كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌كان و وه‌رگرتنی ووته‌ی شاهیده‌كان به ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نرێت به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنیان بۆ دادگا و ته‌واوكردنی ڕێكاره یاساییه‌كان".
نوسینگه‌ی خانمی یه‌كه‌می عێراق داواكاره هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه شاهیدی كاره‌كانی ئه‌م تۆمه‌تباره‌ن سه‌ردانی ئه‌و ناونیشانانه‌ی لای خواره‌وه بكه‌ن له‌و كاتانه‌ی دیاری كراوه و به‌ڵگه‌نامه‌ی یاسایی پێویست له‌گه‌ڵ خۆیاندا بهێنن:.
ناونیشانه‌كان:
-سلێمانی (مۆزه‌خانه‌ی نیشتمانی ئه‌منه‌سوره‌كه)
-كه‌لار (به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی شه‌هیدانی گه‌رمیان)
-چه‌مچه‌ماڵ (مۆنۆمێنتی ئه‌نفال)
له‌ڕۆژی دووشه‌مه ڕێكه‌وتی 2025/8/4 تا ڕۆژی شه‌مه ڕێكه‌وتی 2025/8/9 له كاتژمێر 9ی سه‌رله‌به‌یانی تا 12ی نیوه‌ڕۆ.
PM:08:43:03/08/2025
ئه‌م بابه‌ته 704
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت