ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: عەجاج دانی بەو تاوانانەدا ناوە کە بەرامبەر زیندانیانی نوگرە سەلمان ئەنجامی داوە
وێستگەنیوز_
ئەرشەد حاکم، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لەگەڵ عەجاج ئەحمەد حەردان، تۆمەتباری دۆسیەی ئەنفال بەردەوامە و 'دانی بەو تاوانانەدا ناوە، کە بەرامبەر زیندانیانی نوگرە سەلمان ئەنجامی داوە'. هاوکات، عەشیرەتی عوبێدش رەتیدەکەنەوە ئەوەی دەستگیرکراوە، عەجاجەکەی نوگرە سەلمان بێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 3ـی 8ـی 2025، ئەرشەد حاکم بە میدیای عێراقیی راگەیاندووە، ئەو کەسەی دەستگیرکراوە، ناوی عەجاج ئەحمەد حەردانە و بە حەجاجی نوگرە سەلمان ناسراوە، ئێستا لەلایەن دەزگاکەیان لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو کەسە لە لێکۆڵینەوەکاندا زۆر بەخێرایی دانی بە تاوانەکانیدا ناوە، بەتایبەت ئەو تاوانانەی دژی کورد کردوونی و ئێستا پرۆسەی لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا لە قۆناخی کۆتایی دایە."
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، کەسایەتیی و ریشسپییەکانی خێڵی عوبێد، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە شاری کەرکووک رایانگەیاند، "ئەو کەسەی دەستگیرکراوە، عەجاجەکەی نوگرە سەلمان نییە و کەسێکی بێ تاوانە. ئەو کەسەی دەستگیرکراوە ناوی عەجاج حەمید خەلەف عوبێدی'ـیە و جوتیارێکی سادەیە، کە بەهەڵە و تەنیا بەهۆی لێکچوونی ناوەوە، لەگەڵ عەجاج ئەحمەد تکریتی دەستگیرکراوە".
باسیان لەوەشکرد، "عەجاج عوبێدی، لەدایکبووی ساڵی 1965ـە، هەرگیز پلە و پۆستی سەربازی یان حیزبی لە سەردەمی رژێمی پێشوودا نەبووە و ژیانی خۆی بە کشتوکاڵەوە بەسەر بردووە."
هەروەها داوا لە دەسەڵاتی دادوەری و دامەزراوە ئەمنییەکان دەکەن بەپەلە و بەپێی رێکارە یاساییەکان، وردبینی لە ناسنامەی کەسی دەستگیرکراو بکەن و ناوی چواری لەگەڵ تۆمارە فەرمییەکاندا بەراورد بکەن بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان.
خێڵی عوبێد بەڵگەنامەیەیان خستووەتە روو بۆ ئەوەی بسەلمێنن کە گیراوەکەیان ناوی تەواوی "عەجاج حەمید خەلەف عوبێدی"یە، نەک "عەجاج ئەحمەد تکریتی" کە تۆمەتباری سەرەکیی دۆسیەی ئەنفالە.
رۆژی پێنجشەممە 31ـی تەمووز، نوسینگەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەكەمی عێراق رایگەیاند، "تاوانبارێكی شاڵاوەكانی ئەنفال بە ناوی عەجاج ئەحمەد حەردان دەستگیركراوە."
هەر لە راگەیەندراوەکەم نوسینگەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد داوای لە زیندانیكراوان و كەسوكاری زیندانیكراوان و بێسەرشوێنبووەكان کرد پەیوەندییان پێوە بكەن بۆ تۆماركردنی سكاڵا دژی ئەو 'تاوانبارە'.
PM:05:01:03/08/2025
ئهم بابهته 1248
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت