سەرچاوەیەک: نوسینگەی قوباد تاڵەبانی کێشەی کەمئاوی مزگەوتەکانی سلێمانی چارەسەر دەکات
وێستگەنیوز_
لە دوو رۆژی داهاتوودا، نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کێشەی کەمئاوی مزگەوتەکانی سلێمانی چارەسەر دەکات.
سەرچاوەیەک بە وێستگەنیوزی راگەیاند، لە رۆژی سێشەممە 5ـی ئابی 2025ـەوە، نوسینگەی قوباد تاڵەبانی بە هەماهەنگی بەرێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی، وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکان؛ کێشەی کەمئاوی و نەبوونی ئاو لە مزگەوتەکانی سلێمانی چارەسەر دەکات".
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دوو مزگەوتەی بەهۆی کەمئاوییەوە داخراون، بەردەوام هاوڵاتیان و نوێژخوێنان سەردانی دەکەن و پەستانێکی زۆری لەسەربووە، هەر بۆیە بە زووترین کات کێشەکانیان چارەسەر دەکرێن".
ئەمە دوای ئەوە دێت، رۆژی 29ـی 7ـی 2025، بەهۆی کەمئاوییەوە، مزگەوتی کانێسکان لە سلێمانی، پاش 198 ساڵ لە دروستکردنی، دەرگاکەی داخرا.
سەرچاوەی ئاوی مزگەوتەکە، بیر و کارێزە، بەڵام هەردووکیان وشکیان کردووە و ناتوانرێت ئاویان لێوە دابین بکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە بۆ جارێکی دیکە و بە هەمان هۆکار، مزگەوتێکی دیکە بە ناوی مزگەوتی رەسوڵ لە شاری سلێمانی داخرا.
هاوژین رەئوف، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی سلێمانی رایگەیاند، "کەمئاوی نەک تەنیا مزگەوت، هەموو کوردستانی گرتووەتەوە، لەکاتێکدا ناکرێت مزگەوت ئاوی تێدا نەبێت".
بە وتەی هاوژین رەئوف، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاویی مزگەوتەکان لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵن.
ئاوی ماڵانی سلێمانی لە سەرچاوەکانی بەنداوی دوکان و سەرچنار، کانیاو و بیرەکانی شار بەدەستدەخرێن، بەڵام بەهۆی وشکەساڵییەوە هەندێک لەو سەرچاوانە وشک بوون و گرفتی کەمئاوی سەری هەڵداوە.
PM:04:51:03/08/2025
ئهم بابهته 808
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت