سوودانی یەکەم چوارشەممەی مانگی نیسانی هەموو ساڵێکی وەک رۆژی پشووی ئێزدییەکان دیاری کرد


وێستگەنیوز_

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، یەکەم چوارشەممەی مانگی نیسانی هەموو ساڵێک، پشووی فەرمییە بۆ ئێزدییەکان.

ئەمڕۆ یەکشەممە نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی لە ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران دەنگیدا لەسەر ئەوەی یەکەم چوارشەممەی مانگی نیسانی هەموو ساڵێک، بکرێتە پشووی فەرمی بۆ پێکهاتەی ئێزدی.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سوودانی ئاماژەی بەوەشکرد، سەبارەت بە پرسی ئێزدییەکان، چەند فەرمانێکی دەرکردووە، گرنگترینیان ئەمانەی خوارەوەن:

– دروستکردنی مۆزەخانەیەکی تایبەت لە شنگال بۆ ناساندنی تاوانەکانی دژ بە ئێزدییەکان.

– دروستکردنی میوانخانەیەک بۆ وەفدە نێودەوڵەتییەکان.

– دەرکردنی بەڵگەنامەی بەناوکردنی زەوی و کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون بۆ ئێزدییەکان کە خۆی لە 14 هەزار یەکە دەبینێتەوە.

– تەواوکردنی نزیکەی دوو هەزار تاپۆ و رادەستکردنی بە هاوڵاتییانی ئێزدی لە رۆژانی داهاتوودا، لەوانەش رادەستکردنی 224 تاپۆ بە رزگاربووان.

– دەستپێشخەرییەکی حکومی بۆ دەستکردن بە پرۆژەیەک بۆ نۆژەنکردنەوەی کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونی رووخاو و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی نوێ لە شنگال و دەوروبەری، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوون لە قەزاکە.

– جێبەجێکردنی 89 پرۆژە لە ناوچەکانی شنگال، کە تێچووەکەی لە چوارچێوەی سندوقی ئاوەدانکردنەوەی شنگال و نەینەوا (2023-2024) گەیشتە 100 ملیار دینار و تاوەکو ئێستا دەست بە 23 پرۆژە كراوە.

– فەرمانی خەرجکردنی قەرەبووی مامەڵە تەواوبووەکان بۆ دانیشتووانی شنگال، قەحتانیە و ناوچەکانی رۆژئاوای نەینەوا و، تەواوکردنی ئەو 19 هەزار و 836 مامەڵەیەی کە ماوەتەوە.


PM:03:59:03/08/2025


ئه‌م بابه‌ته 432 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو