دوای تێپەڕبووبی 11 ساڵ لە جینۆسایدی شنگال چارەنووسی دوو هەزار و 553 کوردی ئێزدی نادیارە


وێستگەنیوز- سازگار ئەحمەد

ئەمڕۆ 3ی ئابی 2025، 11 ساڵ بەسەر جینۆسایدی کوردانی ئێزدی لە قەزای شنگال لەلایەن چەکدارانی داعشەوە تێپەڕدەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا شنگال لە رووی ئەمنییەوە ئاسایی نەبووەتەوە.


خەیری بۆزانی، سەرپەشتیاری دۆسیەی رزگارکردنی رفێنراوان لە نووسینگەی رزگارکردنی رفێنراوانی کوردی ئێزدی بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "لەکاتی هاتنی داعش بۆ قەزای شنگال شەش هەزار و 417 کەس رفێندران، لەوانەش تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 590 کەس رزگارکراون".

ئاماژەی بەوەکرد، "زۆربەی هەرەزۆری رزگارکراوانی کوردانی ئێزدی لەرێگەی نووسینگەی رزگارکردنی رفێنراوانی کوردی ئێزدی بووە لەدەستی چەکدارانی داعش".

لەبارەی ئەو کوردە ئێزدیانەی کە تائێستا چارەنووسیان نادیارە خەیری بوزانی وتی، "ئەو کەسانەی تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنن ژمارەیان دوو هەزار و 553 کەسن".

وتیشی، "93 گۆڕی بە کۆمەڵ تاوەکو ئێستا دۆزراونەتەوە، هەروەها 68 مەزارگەی ئێزدی تەقێندراونەتەوە".

بەپێی وتەی سەرپەشتیاری دۆسیەی رزگارکردنی رفێنراوان لە نووسینگەی رزگارکردنی رفێنراوانی کوردی ئێزدی تاوەکو ئێستا کە 11 ساڵ بەسەر ئەو کارەساتەدا تێپەڕدەبێت هیچ نەکراوە بۆ شنگال لەلایەن حکومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پشتگوێ خراوە، راستە کۆمەڵێک بەڵێن هەیە، بەڵام هیچ کام لەو بەڵێنانە جێبەجێ نەکراون چ لە رووی ئاوەدانکردنەوە بێت یاخود رێگە خۆشکردنی بۆ گەڕانەوەی ئەو کەسانەی تائێستا ئاوارەن.

هەروەها بەپێی رێککەوتنی 2020 لەنێوان هەولێر و بەغدا، دەبوو قەزاکە لەدەستی هێزی ئەمنی و مەدەنی بێت، بەڵام ئێستا سێ هێزی جیاوازی لێیە، ئەوانیش پۆلیسی فیدراڵی، حەشدی شەعبی و هێزەکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە.

رۆژی 3ی ئابی 2014، داعش هێرشی کردە سەر قەزای شنگال و لەو هێرشەدا، کوردانی ئێزدیی کۆمەڵکوژ کرد و 6 هەزار و 417 کەسیشی رفاند و بە دەیان هەزار کەسیش ئاوارە بوون و بەشێکیان تاوەکو ئێستاش نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان و چارەنووسی بەشێک لە رفێندراوەکانیش بە نادیاری ماوەتەوە.


AM:10:27:03/08/2025


ئه‌م بابه‌ته 460 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت