لە ساڵیادی جینۆسایدی شنگالدا مەسرور بارزانی داوایەک ئاڕاستەی حکومەتی عێراق دەکات
وێستگەنیوز-
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی داگیرکردنی شنگال و جینۆسایدکردن کوردانی ئێزدی پەیامێکی بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ 3ی ئابی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یادی 11 ساڵەی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی لە شنگال لە پەیامێکدا رایگەیاند، "لە ساڵیادی داگیرکردنی شنگال و جینۆسایدکردنی خوشک و برایانی ئێزدی لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە ، بە ڕێزەوە یادی شەهیدانی ئەو کۆمەڵکوژییەی تیرۆریستانی داعش دەکەینەوە کە زام و برینێکی قووڵ و ساڕێژ نەبووە لە مێژووی گەلی کوردستان و مرۆڤایەتی بە گشتی".
ئاماژە بەوەکراوە، "لە یادی ئەم کارەساتەدا، پێویستە بەڕێزەوە یادی گیانفیدایی و قوربانیدانەکانی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان بکەینەوە کە بە سەرکردایەتی جەنابی سەرۆک بارزانی، شنگال و دەوروبەریان ئازاد کرد ، هەروەها سوپاسی هەڵوێستی جوامێرانەی خەڵکی کوردستان بە گشتی و پارێزگەی دهۆک و دەڤەری بادینان بەتایبەتی دەکەین لە بە هاناوەچوون و یارمەتیدانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان".
سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەڵێت، "حکومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە هەوڵ و کارکردنی بۆ ئازادکردن و گەڕاندنەوەی هەموو ئەو ڕفێندراوانەی کە تا ئێستا ئازاد نەکراون و دۆزینەوە و دیاریکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان. هەروەها درێژەدان بە پاڵپشتی دارایی ڕزگاربووان و هاوکاریکردن و یارمەتیدانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان ئەوانەی بە هۆی ئاسایینەبوونەوەی دۆخی شنگال و دەوروبەری، هێشتا هەر لە کەمپەکاندا دەژین و نەیانتوانیوە بگەڕینەوە ناوچەکانیان".
دەشڵێت، "لەم یادە خەمگینەدا، دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ ئەرک و بەرپرسیاریەتی خۆی جێبەجێ بکات و خوشک و برا ئێزدییەکانمان قەرەبوو بکاتەوە و یارمەتی ئاوارەکان بدات و زەمینە خۆش بکات بۆ ئەوەی بە سەربەرزی بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان، ئەویش لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی هێزە چەکدار و ملیشیاکان لە دەڤەرەکە و گەڕانەوەی ئاشتی و ئاسایش بۆ ناوچەکە. کە بە داخەوە بە هۆی جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و بە هۆی ئەو دۆخە نەخوازراوەی لە دوای ئازادکردنییەوە بەسەر شنگالدا سەپێنراوە ، نەتوانراوە ئاوەدان بکرێتەوە و خزمەتگوزاریی پێویست پێشکەشی خەڵکی ئەو دەڤەرە بکرێت".
AM:09:14:03/08/2025
ئهم بابهته 488
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت