محەممەد حاجی مەحموود: ئەو دەسەڵاتەی لە بەغدا هەیە بەس فیدڕاڵ نییە، جگە لە کورد کەس بە فیدڕاڵ ناوی نابات


وێستگەنیوز_

سکرتێری گشتیی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان رەخنە لەم دۆخەی ئێستای نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی دەگرێت و دەڵێت: دەسەڵاتی بەغدا فیدڕاڵی نییە و فشارەکانی لە مووچە و بودجەدا کۆکردووەتەوە.

محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری گشتیی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رەخنە لە دۆخی ئێستای هەرێمی دەگرێت و نوسینێکی بڵاوکردووەتەوە.

محەممەد حاجی مەحموود نوسیویەتی، "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو شتێکی بە کردەیی رادەستی بەغدا کردووە، بەغداش فشارەکانی لە مووچە و بودجەدا کۆکردووەتەوە و بە لوتبەرزییەوە وەڵامی داخوازییە رەواکانی کورد دەداتەوە، لەبەرامبەردا لایەنی کوردستانی هەمیشە دووپاتی پابەندی و گوێڕایەڵی خۆی دەکاتەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە: ئەمڕۆ گوایە نەوتی هەرێم لە رێگەی حکومەتی فیدڕاڵ و کۆمپانیای سۆمۆی دروستکراوی سەردەمی بەعس هەناردە دەکەن، بۆ ئەوەی مووچە و بودجەیان بداتێ.

سکرتێری گشتیی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان رەخنە لە حکومەتی ناوەند دەگرێت و نوسیویەتی، ئەو دەسەڵاتەی لە بەغدا هەیە بەس فیدڕاڵ نییە، جگە لە کورد کەس بە فیدڕاڵ ناوی نابات.

لە نووسینەکەیدا باسی لەوەشکردووە، "تەسلیمکردنی نەوت بە عیراق، بەبێ رێککەوتنێک کە مافەکانی کوردی تێدا زامن کرابێت، گەورەترین ستەمە لە خۆیان و میللەتەکەمان. ئەوەی تا ئێستا هەیە هیچ رێککەوتن نییە، بەڵکو تەسلیمبوونە لەپێناو موچە بەشێوەی قەرز و سوکایەتیکردن بە کوردستان".

ئاماژەی بەوەشکردووە: دەبێت بەر لە هەرشتێک ئەو بڕیارانەی عێراق لە 2014 داویەتی بۆ بێبەشکردن و سڕینەوەی خەڵکی کوردستان لە میزانییە هەڵبوەشێتەوە و کۆتایی بەو سیاسەتە بهێنرێت کە مانگێک بە قەرز و مانگێک خاترانە و مانگێک بە فشاری ئەملاولا موچەی خەڵکی کوردستان بنێرێت.

لەبارەی ئەو نووسراوەی خوێندنی باڵای عیراقیشەوە کە تیایدا باس لەوە کرابوو، "دەبێت تاقیکردنەوەکان بە زمانی خوێندن بێت و هیچ روونکردنەوەیەک بە زمانی دیکە نەدرێت" لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و ئەو شارانەی دانیشتووانی کورد بەشێکی زۆری پێکدەهێنن، محەممەد حاجی مەحمود ئەوەی خستووەتەڕوو، بڕیاری وەزیری خوێندنی باڵای عیراق بۆ قەدەغەکردنی زمانی کوردی لە زانکۆ و پەیمانگەکان لە پارێزگاکانی کەرکووک، دیالە، تکریت، موسڵ و سەڵاحەدین، راشکاوانە پێمان دەڵێت، ئەگەر کێشەی مووچە چارەسەر ببێت ئەوا کێشەی زمان سەرهەڵدەدات و ئەگەر کێشەی زمان چارەسەر ببێت، زەوی جوتیارەکانمان داگیر دەکەن، ئەوان کێشەیان لەگەڵ کوردبوونماندا هەیە.


PM:03:56:31/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 552 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت