گەنجێکی شاری سلێمانی لەسەر شەقامێکی ئەسینا گیانی لەدەستدا


وێستگەنیوز_

گەنجێکی کوردی خەڵکی سلێمانی کە بەهۆی 'تێکچوونی بارەی دەروونی' لە شەقامەکانی پایتەختی یۆنان دەژیا، ئەمڕۆ لەسەر شەقامێکی ئەسینا گیانی لەدەستدا.
 
یادگار فەتاح، لە دایکبووی 1986 و لای کوردانی یۆنان بە "یادە یان پەپوولەکەی ئەسینا" ناسراوە، خەڵکی شاری سلێمانی بوو، بەڵام لە کۆتایی ساڵانی نەودەکان بە خێزانی روویانکردووەتە ئەڵمانیا.
 
رەنج پشدەری، چالاکوانی کۆچبەران لە ئەسینای پایتەختی یۆنان، رۆژی 26ـی ئەم مانگە،  سەردانی یادەی کرد و لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا ئەو هاوڵاتییە بە رەنج دەڵێت: "پارەم نییە و خەریکە دەمرم؛ دەرمانم دەوێت، ناشتوانم بڕۆمەوە بۆ کوردستان".
 
ئەوەی لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەردەکەوێت، ئەو گەنجە بە زمانێکی شێواو و دەنگێکی نووساوو و بە زمانی ئەڵمانی قسە دەکات، چونکە لە رابردوو لەو وڵاتە ژیاوە، بەڵام چەند ساڵێکە لە ئەسینا دەژی و مافی پەنابەریی لەو وڵاتەش وەرگرتووە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە رەنج پشدەری رایگەیاند، "یادە ئەمڕۆ کاتژمێر 10:30 بە کاتی ئەسینا لەسەر شەقام گیانی لەدەستداوە".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، "یادە هەردوو گورچیلەی ئاوسابوون و پێویستیی خێرای بە چارەسەر هەبوو، من زۆر هەوڵمدا بگەڕێندرێتەوە بۆ کوردستان، بەڵام بەداخەوە هیچ کەسێک بەدەم داواکەمەوە نەهات و ئەمڕۆش بەهۆی لەکارکەوتنی گورچیلەکانی، گیانی لەدەستداوە".


PM:01:06:31/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 2148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو