بارزانی: تاوەکو عەقڵیەتی شۆڤینی و نکۆڵیکاری مابێت عێراق ئارامی بەخۆیەوە نابینێت


وێستگەنیوز_

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵیادی 42 ساڵەی ئەنفالکردنی بارزانییەکان دەڵێت: ئەو عەقلیەتەی لەپشتەوەی ئەو تاوانە و تاوانەكانی تر بوو، عەقلیەتی شۆڤینی و نكۆڵیكاری بوو كە بۆ هەموو عێراق بووە سەرچاوەی نەهامەتی و دواكەوتن. دەشڵێت: بە داخەوە هێشتا هەندێ كەس هەن كە عیبرەتیان لە مێژوو وەرنەگرتووە و هەر بەو عەقلیەتە سیاسەت دەكەن. 

لە پەیامەکەیدا کە بارزانی بەبۆنەی یادی 42 ساڵەی جینۆسایدکردنی 8 هەزار بارزانییەوە بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە: "رژێمی پێشووی عێراق 8 هەزار پیاوی پیر و گەنجی بارزانی لە تەمەنی 9 ساڵ تاوەکو پیرەمێردی 90 ساڵان بەزۆر راپێچی بیابانەکانی باشووری عێراقی کردن و لەوێ دڕندانە کۆمەڵکوژی کردن."
 
هەروەها بارزانی هۆکاری ئەو تاوانانە بۆ "عەقڵیەتی شۆڤینی و نکۆڵیکاری دەگەڕێنێتەوە و هۆشداری دەدات کە تاوەکو ئەو عەقڵیەتە مابێت، عێراق ئارامی بەخۆیەوە نابینێت، دەبێت هەموو لایەک بزانن هەتا ئەو عەقڵیەتە مابێت، عێراق هیچ کات ناحەسێتەوە."
 
ئاماژەی بەوەش کردووە کە "ئەو تاوانە بەشێک لەو تاوانانە بوو کە بەسەر رۆڵەکانی گەلی کوردستاندا هاتووە، وەک بێسەروشوێنکردنی گەنجانی فەیلی، ئەنفالی گەرمیان و بادینان، و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە".


AM:10:49:31/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 444 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو