مەسرور بارزانی لە ساڵیادی جینۆسایدی بارزانییەکان: پێویستە حکومەتی عێراق قەرەبووی قوربانییان بکاتەوە
وێستگەنیوز_
لە ساڵیادی جێنۆسایدکردنی بارزانییەکاندا مەسرور بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "پێویستە حکومەتی فیدراڵ ئەرکی یاسایی و بەرپرسیاریێتیی دەستووریی خۆی بەرامبەر بە قوربانییانی جینۆسایدی ئەنفال و کیمیابارانکردنی کوردستان و هەموو قوربانییانی دەستی رژێمی پێشوو جێبەجێ بکات."
ئەمڕۆ پێنجشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 42ـەمین ساڵیادی جێنۆسایدکردنی بارزانییەکاندا لە پەیامێکدا رایگەیاند: "لە ساڵیادی جێنۆسایدکردنی بارزانییەکان، یادی قوربانییانی کۆمەڵکوژی و تاوانێکی دڕندانەی ڕژێمی پێشووی عێراق دەکەینەوە، کە شاڵاوەکانی ئەنفالی هەموو کوردستانی بەدوادا هات."
دووپاتیشی کردەوە کە، حکومەتی فیدراڵی عێراق نابێت چیتر مافی قوربانییان پشتگوێ بخات و ئەرکی دەستووریی خۆی لە قەرەبووکردنەوەیان جێبەجێ بکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دەڤەری بارزان لە ماوەی سەد ساڵی رابردوودا چەندین جار رووبەڕووی هێرش و وێرانکاری بووەتەوە، بەڵام هەمیشە خەڵکی نیشتمانپەروەر و ستەملێکراوی ئەم دەڤەرە و کوردستان بەگشتی، بەشێوەیەکی قارەمانانە و لەخۆبردووانە، بەرگرییان لە کوردستان کردووە و خۆڕاگرانە، دوژمنان و نەیارانی کوردستانیان تێکشکاندووە.
هەروەها مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە: "خەڵکی نیشتمانپەروەری كوردستان، هەرگیز ئەم تاوانانەیان لەبیر ناچێتەوە و دەبێت نەوە لەدوای نەوە، بزانن کە گەلی کوردستان بە گشت پێکهاتەکانییەوە، قوربانییەکی زۆری لەپێناو پاراستنی ناسنامەی نیشتمانی و مافە ڕەواکانی داوە."
AM:10:31:31/07/2025
ئهم بابهته 188
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت