راپۆرتێک: دەستپێکردنەوەی هەناردەی گازی سرووشتی دەبێتە کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا


وێستگەنیوز_ هێڤار هیوا

ڕاپۆرتێک لەلایەن پسپۆڕی نێودەوڵەتی بواری نەوت و وزە، ڕۆبن میڵز'ـەوە ئامادەکراوە، بەدواداچوون بۆ سوودە ئابووری و ژینگەییەکانی پەرەپێدانی پیشەسازی گازی سروشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، ئەمەش بۆ بەدەستهێنانی ئاستی خۆبژێوی و کەمکردنەوەی سووتان و بەهەدەردانی ئەو گازە. هاوکات، راوێژکارێکی وزەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "بۆری نەوتی عێراق-تورکیا، تەمەنی بەسەرچووە و دەبێت نۆژەن بکرێتەوە".

میڵز لە راپۆرتەکەیدا کە رۆژنامەی ئەلمەدا بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژە بە نیازی تورکیا دەکات بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی بۆری هەناردەکردنی جەیهان لەگەڵ عێراق، ئەمەش بە ڕێککەوتنێکی گشتگیرتر کە هەناردەکردنی گاز و کارەبا لە پاڵ نەوتدا دەگرێتەوە، ئەم هەنگاوە ئاسانکاری دەکات بۆ هەناردەکردنی گاز لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە بە هەمان شێوە.

بەگوێرەی راپۆرتەکەی ئەو پسپۆڕەی بواری وزە، چارەسەرکردنی کێشەی گازی سروشتی یەکێکە لەو شتە واقیعی و کاریگەرانەی کە حکومەتی عێراق دەتوانێت بۆ ئابووری وڵات و ژینگە و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیانی بەدەستی بهێنێت، هەروەها گەیشتن بە خۆبژێوی لەم سامانە گرنگەدا زۆر سوودی دەبێت بەو پێیەی لە ئێستادا عێراق بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی، پشت بە سەرچاوە دەرەکییەکان دەبەستێت بۆ کڕینی گازی سروشتی.

عێراق ڕێککەوتنێکی لەگەڵ کۆمپانیای خزمەتگوزاری نەوتی ئەمریکی SLB واژۆکردووە بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی عەکاز لە پارێزگای ئەنبار، کە سەرچاوەیەکی گەورەی گازی سرووشتییە، بەڵام ئەم کیڵگەیە ئاستەنگی جیۆلۆجیی ئاڵۆزی هەیە. 

لای خۆشیەوە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دوو وێستگەی نوێی بەرهەمهێنانی گازی لە پارێزگای بەسرە کردووەتەوە، لەوانە یەکێکیان لە کێڵگەی فەیحا، کە بە هاوبەشی کۆمپانیای نەوتی 'دراگۆن ئۆیل' کارەکە ئەنجام دەدرێت و بنکەی کۆمپانیاکە لە دوبەی ئیماراتە. هەروەها کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن ئینێرجیی ئەمریکی ڕەزامەندی لەسەر فراوانکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لە کێڵگەی حەمرین لە پارێزگای سەڵاحەدین دەربڕیوە. 

لە مانگی ئایاردا کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن ئینێرجی، گرێبەستێکی بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی گازی میران بەدەستهێنا، هاوکات کۆمپانیای 'وێستێرن زاگرۆس-Western Zagros' ڕێککەوتنێکی بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی تۆپخانە واژۆ کردووە. 

ئەوکات، لە رۆژی 19ـی 5ـی 2025، ماڵپەڕی کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن ئینێرجی رایگەیاند، "کێڵگەی گازی میران دەتوانێت یەدەگێکی خەمڵێندراوی 8 تریلیۆن پێ سێجای ستانداردی گازی سرووشتیی شیاوی دەرهێنانی هەبێت. ئەم رێککەوتنە رێگە خۆش دەکات بۆ پەرەپێدانی قۆناخ بە قۆناخی کێڵگەکە، لەگەڵ ئەگەری بەدەستهێنانی زیاتر لە 40 ملیار دۆلار بەهای درێژخایەن". 

ئەم دوو کێڵگەیە لە گەورەترین کێڵگەکانی گازی سروشتین لە هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتیدا و بەکارنەهێنراون. هەروەها کۆمپانیای 'کرێسێنت پترۆلیۆم' کە بنکەکەی لە شاری شاریقەی وڵاتی ئیماراتە؛ بەردەوامە لە کارکردن لەسەر کێڵگەی چەمچەماڵ و لە هەمان کاتدا تەواوکردن و فراوانکردنی کێڵگەی کۆرمۆر کە ماوەیەکی زۆرە کار لەو کیڵگەیەدا دەکات. 

لە پێشهاتێکی ئەم دواییەدا، هەفتەی رابردوو تورکیا نیازی کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ڕێکخستنی بۆری نەوتی نێوان عێراق و تورکیا بۆ بەندەری جەیهان لە 27ی تەمموزی 2026 ڕاگەیاند. لە بنەڕەتدا، ئەم بۆرییە لە مانگی ئازاری 2023ـەوە داخراوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگای پاریس کە تێیدا ئەنقەرەی بە قەرەبووکردنەوەی عێراق  پابەند کرد، بەڵام هێشتا ئەو وڵاتە هیچ بڕە پارەیەکی بە عێراق نەداوە.

ئەو شارەزا ئابورییە لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە، لەوکاتەوە پرسی رێکارەکانی هەناردەکردن، فرۆشتن و دابەشکردنی داهاتەکەی؛ لەو خاڵانە بوون کە بەربەستی سەرەکی گەیشتن بە ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییە نەوتییەکان بوون. هاوکات واژۆکردنی گرێبەستی نوێ لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکاندا کە لە کوردستان کاردەکەن گرفتێکی دیکە بووە.

ئێستاش پێدەچێت ئەنقەرە بیەوێت ڕێککەوتنێکی فراوانتر لەگەڵ عێراق ئەنجام بدات کە جگە لە نەوت، هەریەک لە گاز و کارەباش دەگرێتەوە. ئەمەش دەکرێت هەواڵێکی خۆش بێت کە دواجار دوای ساڵانێک لە گفتوگۆ، هەناردەکردنی گاز لە هەرێمی کوردستانەوە دەستپێدەکات.

عێراق لەدوای جەنگی کەنداوەوە، بەدەست نەبوونی کارەباوە و دابینکردنی بۆ هاوڵاتیانی خۆی دەناڵێنێت. کێشەکەش لەدوای لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لەساڵی 2003 خراپتر بوو، ئەمەش ناڕەزایی بەردەوامی خەڵکەکەی لێکەوتووەتەوە، چونکە هاوڵاتیان ناچارن بەرگەی گەرماکانی هاوین بگرن کە تادێت گەرمتر دەبێت بەبێ ئەوەی بتوانن ئامێرەکانی فێنککەرەوە و پێداویستییەکانی ژیانێکی سادە بەشێوەیەکی پێویست بەکاربهێنن. ئەمە بەدەر لەوەی ئەم قەیرانە کاریگەری بەهێزیشی لەسەر ژێرخانی ئابووری وڵات هەبووە و بێجگە لە نەوت، کاریگەرییەکانی لەسەر کەرتەکانی دیکەش رەنگی داوەتەوە.

قەیرانی کارەبا ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە دابین نەکردنی گازی پێویست لەلایەن حکومەتەوە بۆ وێستگەکان، عێراق لە دوای رووسیا و ئێران سێیەم گەورەترین سووتێنەری گازە لە جیهاندا، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمای وڵات و پیسبوونی ژینگەکەی، بە جۆرێک کە لە هاویندا عێراق ڕۆژانە زیاتر لە 300 هەزار بەرمیل نەوت دەسوتێنێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، ئەمەش پیسبوون زیاد دەکات و لە لایەکی دیکەشەوە سووتەمەنی بەفیڕۆ دەدات کە دەکرێت هەناردە بکرێت و سوودی زۆری لێ ببینرێت.

لە لایەکی دیکەوە پەرەپێدانی گاز لە کوردستان و تەواوی عێراق، دەبێتە کلیلی چارەسەرکردنی کێشە ئابووری و داراییەکانی دیکەی نێوان حکومەتی ناوەند و هەولێر. هەروەها ئابووری عێراق باشتر دەکات و یارمەتی کەمکردنەوەی پشتبەستنی بە هەناردەی نەوت دەدات لەڕێگەی دابینکردنی وزەی متمانەپێکراوەوە بۆ کەرتی پیشەسازی. ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی هاوردەکردنی گاز لەلایەن تورکیاوە جگە لە بەرهەمی ناوخۆی وڵاتەکەی و دواتر فرۆشتنی بە ئەوروپا.

کەمال ئەتروشی، ڕاوێژکاری وزەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری پێشووی سامانە سروشتییەکانیش رایگەیاندووە، بۆریی عێراق-تورکیا کە بە (جەیهان) ناسراوە، تەمەنی کارکردنی تەواو بووە و پێویستی بە "نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوە" دەبێت، ئەگەر بیەوێت هەناردەکردنی نەوتی هەرێم کە لە مێژە وەستاوە، دەستپێبکاتەوە.

ئەتروشی دەڵێت: بۆریی عێراق-تورکیا کە بۆرییەکی ستراتیژی عێراقییە، لە ساڵی 1973ـەوە کار دەکات، واتە زیاتر لە 50 ساڵە، بەشێوەیەکی گشتی بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، تەمەنی چاوەڕوانکراوی هێڵەکانی بۆری 40 بۆ 50 ساڵە و ئەم بۆرییە لەگەڵ تەواوبوونی گرێبەستەکە، تەمەنی کارکردنیشی بەسەرچووە
.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆرییەکە بەتەواوی بێ کەڵک نەبووە بەڵام کارپێکردنی لە داهاتوودا پێویستی بە چاکسازیی هەمەلایەنە و مەرجی لەبار دەبێت لە نێوان هەردوو عێراق و تورکیادا.

لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئەگەر ڕێککەوتنێک بکرێت بۆ نوێکردنەوەی ئەم بۆرییە، ئەوا توانای کارکردنی هەیە و بە دڵنیاییەوە سوودی بەرچاوی بۆ تورکیاش دەبێت.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە عێراق و تورکیا گفتوگۆ لەسەر داهاتووی بۆرییەکە و هاوبەشییەکی نوێی وزە دەکەن. وەزارەتی نەوتی عێراق هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند، ئەنقەرە بە فەرمی ئامادەیی خۆی بۆ نوێکردنەوە و فراوانکردنی ڕێککەوتننامەی هەناردەکردنی نەوتی ساڵی 1973 لەگەڵ بەغدا ڕاگەیاند. هەروەها تورکیا دووپاتی کردەوە کە نامەیەکی بۆ بەغدا ناردووە کە ڕەشنووسی ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنەتری هاوکاریی وزەی تێدایە، کە نەوت و گاز و پترۆکیمیایی و کارەبا دەگرێتەوە.




AM:10:00:31/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 784 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو