نێچیرڤان بارزانی: هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان زیانی تەواو لە ئابووری عێراق دەدات


وێستگەنیوز_

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان به‌ ئامانجگرتنى ژێرخانى وزه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان بە هێرشی درۆنیی، 'به‌ هه‌ڕه‌شه‌ و زيان بۆ ته‌واوى ئابووريى عێراق له‌ قه‌ڵه‌م دا و داكۆكى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ ڕێگرى له‌و هێرشانه‌ بكرێت'.
  
نێچیرڤان بارزانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی 7ـی 2025، پێشوازی لە ئێدوارد ئالگرين، راوێژكارى باڵاى به‌ريتانيا بۆ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باكوورى ئەفريقا و شاندێكى ياوه‌رى كرد كه‌ له‌ ژماره‌يه‌ك راوێژكار و كۆنسووڵى گشتيى به‌ريتانيا له‌ هه‌رێمى كوردستان پێكهاتبوو. 
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا دۆخى ئه‌منيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه‌ و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا تاوتوێ كران، هه‌روه‌ها تيشك خرايه‌ سه‌ر مه‌ترسييه‌ ئه‌منييه‌كان و هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش له‌سه‌ر ئارامى و سه‌قامگيريى ناوچه‌كه‌.
 
ئاماژە بەوەش دراوە، "ئێدوارد ئالگرين وێڕاى نيشاندانى پابه‌ندیى به‌ريتانيا به‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و هاريكاريى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ى به‌ بايه‌خ و گرنگييه‌كى زۆره‌وه‌ له‌ ئارامى و سه‌قامگيريى ناوچه‌كه‌ ده‌ڕوانێت، هه‌روه‌ها هه‌موو هاوكارى و پشتيوانييه‌كى به‌ريتانياى بۆ پاراستنى ئاسايش و سه‌قامگيريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه‌ نيشان دا".

هەروەها نێچیرڤان بارزانی باسی لە هەڕەشەکانی داعش کرد و دووپاتى كرده‌وه‌ "داعش هێشتا مه‌ترسيیه‌كى راسته‌قينه‌يه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق و سووريا ده‌كات".

سيستمى فيدراڵى له‌ عێراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ، دۆخى سووريا و مافه‌كانى كورد و پێكهاته‌كان له‌و وڵاته‌، له‌گه‌ڵ دوايين پێشهاته‌كانى پرۆسه‌ى ئاشتى له‌ توركيا، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.


PM:02:46:30/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 360 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو