عەلی باپیر: چیتان پێدەکرێت بۆ خەڵکی غەززە بیکەن


وێستگەنیوز-

سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لەبارەی دۆخی غەززەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "مسوڵمانینە چیتان پێ دەکرێت بۆ خەڵکی غەززە بیکەن".


ئەمڕۆ شەممە 26ی تەموزی 2025، عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایگەیاند، "غەززەییەکان بە ژن و پیاو و منداڵ و ساغ و نەخۆشەوە بە بەرچاوی دنیاوە دەکوژرێن و لە برسان دەمرن، دنیای ئەم رۆژگارە کە زلهێزە دڕندەکان تێیدا باڵادەستن و، بەرپرسانی وڵاتانی مسوڵمانانیشی تێیدا، زەبوون و پەست و بێ هەست و نەست و بێ هەڵوێستن، بەڵام ئەو دۆخە ئەرکی بەرپرسیارێتییمان لەسەرشان لانابات".

دەشڵێت، "داوا لە هەر مسوڵمانێکی جوامێر و رەسەن و هەر مرۆڤێکی بە جەوهەر و غیرەتدار دەکەم، لە کوردستان دا، چی پێ دەکرێت بۆ مسوڵمانانی کەرتی غەززە و فەڵەستین بە گشتی درێغیی نەکەن، زۆریش وریابن لە رێچکەی لارو لادەر و بیرۆکە ژەهراوییەکانی رەبیع مەدخەلیی و شوێنکەوتووانی لاساییکەرەوەی کوێرانەی، کە زوڕنا ژەن و ماستاوچیی حوکمڕانە میراتیی و بنەماڵەیی و خۆسەپێنەکانن و، زۆر کەسی بێ زانیاریی و کوێرانە شوێنکەوتوویان، شەرمەزاری لای خەڵک لە دنیاداو، گوناهبار و ڕیسوای لای خوا، لە بەرزەخ و قیامەت دا کردووە".

عەلی باپیر ئاماژەی بەوەکرد، "ئەوانەش کە بە پاڵنەری ئیمان یان هاندەری ویژدانی زیندوویان، هەر قسەیەکیان کردووە، هەر هەنگاوێکیان ناوە، هەر ئەندازەیەکیان بەخشیوە، شایستەی سوپاس و پێزانینن، کەسانی دژو پێچەوانەشیان، وێڕای لە ئیسلام و ئیمان دوورییان - لەو هەڵوێستەیان دا – لە ویژدان و مرۆڤایەتییشەوە دوورن".

وتی، "بێگومانیش مسوڵمانە مەرد و ئازاو فیداکارەکانی غەززە و فەڵەستین، دەرووی خێریان هەر لێ دەکرێتەوە و، قەوارەی زایۆنییش هەر لەبەر یەك هەڵدەوەشێ و، ئەوکاتەش بەرگریی لێکارانی غەززەیی و فەڵەستینییەکان، شادو سەربەرزو، پشت بەردەرە بێ هەڵوێستە وابەستەو دابەستەکانی حوکمڕانە بڵح و گوێ لە مستەکانی زلهێزان و قەوارەی زایۆنییش، جگە لە سڕینی ئارەقەی شەرمەزاریی هیچیان بۆ نامێنێتەوە".


PM:08:52:26/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 580 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت