وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم: فەرامۆشکردنی زمانی شیرینی کوردی لە دامەزراوەکانی خوێندنی باڵای عێراق پێچەوانەی بنەماکانی دەستوورە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ شەممە 26ی تەموزی 2025، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "وەزارەتەکە ئیدانەی بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی عێراقی فیدراڵ دەکات بۆ رێگرتن لە (خوێندن و دانانی پرسیار) بە زمانی کوردی لە زانکۆکانی (موسڵ و کەرکوک و دیالە)".


ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەم بڕیارە لەگەڵ ئەوەی پێشێڵکردنی راستەوخۆی مادەی 4ی دەستوری هەمیشەیی عێراقە، لە هەمانکاتدا پێچەوانەی بەهاو بنەماکانی پێکەوە ژیانە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عیراقی فیدراڵ. بۆیە داواکارین لە وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراق دەستبەجێ ئەو بڕیارە هەڵبوەشێنێتەوەو کار بکات بۆ ئەوەی زانکۆکان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا ببنە ناوەندی پێکەوە ژیان و ڕێزگرتن لە کلتور و زمان و فەرهەنگى هەموو گەلانی عێراق بەبێ جیاوازى".

وەزارەتەکە دەشڵێت، "بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى عێراق لەسەر هێڵ دەبین بۆ چارەسەرکردنى ئەم پرسەو ڕێگە گرتن لە دوبارە بونەوەى ئەم جۆرە هەڵوێستە دوژمنکارانە".

ئەم راگەیەندراوەی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم دوای ئەوەدێت، نووسینگەی راگەیاندنی خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق رایگەیاند، " ئەمڕۆ شەممە 26ی تەموزی 2025، وەزیری داد لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری خویندی باڵای فیدراڵ، تاوتوێی كێشەی دوا نووسراوی وەزارەتی خوێندی باڵایان كرد كە تایبەت بوو بە ئیعتمادكردنی تەنها زمانی عەرەبی لە تاقیكردنەوەكانی زانكۆکانی كەركوك و زانكۆكانی تر و قەدەغەكردنی تەرجەمەی پرسیارەكان وڵامدانەوە بە زمانی كوردی".

ئاماژە بەوەكراوە، "وەزیری خۆێندنی باڵای عێراق بڕیاری چارەسەركردنی كێشەكەی دا و تاقیكرنەوەكان بە هەمان میكانزمی ساڵانی رابردوو بەڕێوەدەچێت".

پێشتر وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، بە بڕیاری ژمارە 6496ی كە لە 16ی تەموزی 2025 دەرچووە، بەكارهێنانی زمانی كوردی بۆ وانەوتنەوە، دانان و وەڵامدانەوەی پرسیاری تاقیكردنەوەكان لە زانكۆ و پەیمانگەكانی كەركوك، نەینەواو دیالە، قەدەغەكرد و ئاماژەی بەوەكردبوو كە دەبێت وانەوتنەوە و دانانی پرسیار و وەڵام تەنها بە زمانی عەرەبی یان ئینگلیزی و بەپێی پسپۆڕییەكان بێت، بەڵام بڕیارەکە هەڵوەشێندراویەوە.




PM:05:04:26/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت