لەبارەی پێدانی زەوی بە هێزەکانی پێشمەرگە روونکردنەوە دەدرێت
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ 24ی تەموزی 2025، کۆبوونەوەیەک لە نێوان سەرۆکایەتی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئەنجام درا بۆ گفتوگۆ لەسەر رێکارەکانی تەرخانکردنی زەوی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە.
بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە بێت، وەزارەتەکە دەستخۆشی لە هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ تەرخانکردنی پارچە زەوی نیشتەجێبوون بۆ ئەو ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگانەی وەزارەت و فەرماندەیی هێزەکانی (70 و 80) کە بەهۆی خزمەتەوە شایستە بوون بۆ وەرگرتنی زەوی.
ئاماژە بەوەکراوە، لە پەراوێزی ئەم کۆبوونەوەیەدا ئەم روونکردنەوەیە دەخەینەڕوو کە پێویستە تەواوى ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگەکانمان پێوەى پابەند بن:
1- پاش هەوڵەکانى تیمى وەزارەتى پێشمەرگە بۆ جەختکردنەوە لە شایستەبوونی زۆرینەى برا پێشمەرگەکان بە وەرگرتن و دیاریکردنى سنوورى جوگرافى بۆ ئەو زەویانەى کە پێیان دەدرێت بە شێوەیەک بێت تارادەیەک دادپەروەرى سودمەندیان رەچاو بکرێت.
2- ئەو لیستانەى بڵاو کراوەنەتەوە رەزامـەندی سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانى بۆ وەرگیراوە بۆ تەرخانکردنى پارچە زەوى، مەرج نییە هەر ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگەیەک کە رەزامەندى هەبێت زەوى پێبدرێت لەبەر ئەوەى لە دوای فلتەرکردن و وردبینى کردن لە لیستەکان تایبەت بەو ناوانەى کە پێشتر سوودمەند بون ناوەکانیان دەردەکرێت و مافى وەرگرتنى زەویان نییە.
3- لەکاتى پڕکردنەوەى فۆرم لە لایەن فەرمانگەى یاسایى (بەڵێننامە) دراوە لەلایـەن خودى کەسەکە کە پێشتر سوودمەند نەبووە، لەو حاڵەتەدا هەر ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگەیەک گەر بەڵێننامەى دابێت و لەهەمان کاتدا پێشتر سوودمەند بووبێت لێپێچینەوەى یاسایى و کارگێرى و دارایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر بۆ ئەم مەبەستەش لە چەند رۆژى داهاتوودا لیستى ناوى سوودمەند بووان کە لە وەزارەتى شارەوانى ووردبینى کراوە دەگاتە وەزارەتى پێشمەرگە بۆیە دەرفەتێک دەدرێت بەو ناوانەى کە پێشتر سودمەند بوون بە شێوەیەکى فـەرمى لە لایەن یەکەکانیانەوە بە لیست وەزارەتى پێشمەرگە / سەرۆکایەتى ئەرکان / دائیرەى ئیدارە و میرە ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەى تووشى لێپێچینەوەى یاسایى و کارگێرى و دارایى نەبنەوە.
4- رێکارى کارگێرى بۆ ڕێکخستنى کاروبارەکانى تەرخانکردنى پارچە زەوى بۆ ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە بەمەبەستى رێکخستنى لیستەکان بە پێى خاڵبەندى و سنورى جوگرافى و وردبینى کۆتایى لە وەزارەتى شارەوانى ماوەیەکى پێویستە تاکو لیستى کۆتایى رادەگەینرێت، بۆیە داوا لە تەواوى ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەین کە سەردانکردن و فشارکردن بۆ سەر لایەنى پەیوەندیدار لە وەزارەتى پێشمەرگە و وەزارەتى شارەوانى و سەرۆکایەتى شارەوانیەکان و لیژنەى زەوى لە وەزارەتمان ئەنجام نەدەن تا ئەو کاتەى لیستى کۆتایى بە گشتى رادەگەینرێت.
5- هەماهەنگى تەواو کراوە لە نێوان وەزارەتى پێشمەرگە و وەزارەتى شارەوانى کە هیچ ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگەیەک ئەگەر مەرجەکانى وەرگرتنى پارچە زەوى بیگرێتەوە ئەوا مافى نافەوتێت.
6- بەمەبەستى ڕاستکردنەوە، رێکخستنى داتا و زانیارى تایبەت بە لیستەکانى ئامادەکراو بۆ وەرگرتنى زەوى بەرپرسى ئیدارى یەکەکان کارى پێویست ئەنجام دەدەن بە هەماهەنگى لەگەڵ دائیرەى ئیدارە و میرە و لیژنەى زەوى وەزارەتمان بۆ ئەو مەبەستە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، بۆ ئاگاداری هەموو لایەک، راستی و دروستی لیستی دەرچووەکان لە پەیجی فەرمی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاودەکرێتەوە لەکاتی خۆیدا. هیچ سەرچاوەیەکی تر باوەڕپێکراو نییە کە لە سۆشیال میدیا بڵاودەکرێتەوە.
PM:05:55:24/07/2025
ئهم بابهته 1160
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت