لاهور شێخ جەنگی: هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن هەر یەکە و کلکی بەشوێنێکی دیکەوە گرێدراوە، بەیەکەوە ئامادەی بەشداریکردنی هیچ پرۆژەیەک نین


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ی تەموزی 2025، لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل لە شاری سلێمانی لەگەڵ یان برایم، کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، گفتوگۆیانکرد لەبارەی دۆخی گشتی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە، هەروەها پرسی گۆڕانکارییەکان و کاریگەرییەکانی تاوتوێکران.


بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە بێت، باسیان لە بابەتی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، كە ناکرێت هەردوو حزبی دەسەڵاتدار بەم جۆرە بێباک بن و داهاتووی هەرێمی کوردستان بخەنە مەترسییەوە لەپێناو رێکنەکەوتنیان لەسەر پۆستە وزاریەکان، هەروەها جەخت کرایەوە، لەسەر پێویستی چارەسەری ریشەیی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، بەتایبەت کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، مانەوەی کێشەکان بەم جۆرە وا لە هەموو دڵسۆزانی ئەم نیشتیمانە دەکات کە بیر لە رێگەچارەیەکی تر لەدەرەوەی خەباتی مەدەنی و خەباتی پەرلەمانی بکەینەوە.

لاهور شێخ جەنگی رایگەیاندووە، لەکاتێکدا کە دەسەڵات بەم جۆرە بێباک بێت و بەداخەوەش هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن هەر یەکە و کلکی بەشوێنێکی تر گرێدرابێت و جگە لە قسەی بێکردار بەیەکەوە ئامادەی بەشداریکردنی هیچ پرۆژەیەک نەبن دژ بەم هەموو نادادیە، بۆیە ئێمەو مانان ناچار دەبین کە بیر لە شێوازێکی تر بکەینەوە بۆ گەڕاندنەوەی مافی خەڵک و بوون بە بەدیلی ئەوەی کە لەئێستادا لەسەر ئەرزی واقعدا هەیە.

ئاماژە بەوەکراوە، لە تەوەرێکی تردا باس لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرا، رەخساندنی زەمینەیەکی لەبار و گونجاو بەپێویست زانرا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد، لاهور شێخ جەنگی، "ئەگەر نا وەک بەرەی گەل ئامادەی بەشداریکردنی هەڵبژاردنێکی دووبارە دیزاینکراو نابینەوە سەرەڕای ئەوەی کە هەموو ئامادەکاریەکیشمان ئەنجامداوە لە ئێستادا".


PM:05:09:24/07/2025








ئه‌م بابه‌ته 1068 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو