سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان هۆشداری دەدات


وێستگەنیوز-

سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێم سەرجەم خاوەن پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی مریشک ئاگاداردەکاتەوە دەڵێت، "ئەگەر هەر کۆمپانیایەک هێلکەی تروکاندن و عەلەفی خراپی پێ فرۆشتن، پارەیان پێ مەدەن".


ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ی تەموزی 2025، نازم عەبدوڵڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان رایگەیاند، "بەهۆی نەبوونی پشکنینی تەندروستی بۆ هێلکەی تروکاندن و کوالێتی خراپی عەلەف، خاوەن پرۆژەکان تووشی زەرەر دەبن، دواتر ناتوانن پارەی هێلکە و عەلەف بە کۆمپانیاکانی فرۆشتن بدەن، بۆیە داوا لە تەواوی خاوەن پرۆژەکان دەکەم هەرکات زانیان بەهۆی ئەو کۆمپانیایانە تووشی زیانبوون و بەڵگەی تەواویان هەیە، با پارەکە نەدەن بە کۆمپانیاکان".

ئاماژەی بەوەکرد، "هۆکاری سەرەکی ئەو کێشەیە بەهۆی نەبوونی پشکنینی پێویست بۆ هێلکەی تروکاندن دەگەڕێتەوە، کە پێویستە پێش هاتنە ناو هەرێم پشکنین بۆ میکۆپلازما، ئەدینۆڤایرۆس، سامۆنێلا، و ڤایرۆسی کەمخوێنی ئەڤیان بکرێت و ئەو نەخۆشییانە سەرچاوەی نەخۆشی و مردنی جوچک و مریشکن و زیانێکی ئابووری کاریگەر بە بەرهەمهێنان دەگەیەنن".

ئەوەشی خستەڕوو، "حکومەتی ماوەبەسەرچوو هێشتا قەدەغەکردنی مریشکی بەستووی بەتەواوی جێبەجێ نەکردووە و رێگەی خوارووی عێراقی گرتووە، ئەوەش وای کردووە، کەرتی ئاسایشی خۆراک لە پلەیەکی مەترسیداردا بمێنێتەوە".

سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان، داوا لە حکومەتی هەرێم دەکات، پشکنین بۆ هێلکەی تروکاندن و عەلەف پێش چوونە ناو بازاڕ بکرێت و چاودێری تەندروستیش بۆ گەیشتنی هێلکە و کۆنتڕۆڵی کوالێتی عەلەف بکرێت، هەروەها هۆشیاری داوە کە ئەگەر ئەم گرفتە چارەسەر نەکرێت، کەرتی بەرهەمهێنانی مریشک لە هەرێم دەکەوێتە قەیرانیەکی قوڵترەوە.


PM:04:20:24/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 3804 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت