د.ئاسۆ فەرەیدون: پێویستە هەرێمی کوردستان پەلە بکات لە پێکهێنانی حکومەتی رزگاری نیشتمانی


وێستگەنیوز-

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، عێراق نەوتی هەرێمی دەوێت بۆ چەسپاندنی سەروەری بەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، ئاماژە بەوەشدەکات، یاریکردنی بەغدا لەسەر ئەم وەتەرە، ناسەقامگیری لە عێراق و ناوچەکە دروستدەکات.


ئەمڕۆ دووشەممە 21ی تەموزی 2025، د.ئاسۆ فەرەیدون، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فەیسبووک نووسیویەتی، "دیارە لەماوەی چەند رۆژی رابردوو رێکەوتنێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا پەسەندکرا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی (سۆمۆ)وە، لەبەرامبەریشدا بەغدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت".

ئاماژەی بەوەکرد، "پێشتر باسمان کردووە کە عێراق پێویستی بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان نییە، چونکە لە رووی دەرهێنان و هەناردەکردنەوە گرانتر دەوەستێت بەراورد بە کێڵگەکانی بەرهەم هێنانی نەوتی عێراق، عێراق نەوتی هەرێمی کوردستانی دەوێت بۆ چەسپاندنی سەروەری بەسەر سامانە سروشتیەکانی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی مادەی (112)ی دەستووریی کە چیتر (هەرێم بەناوچەیەکی نەوتی نەناسرێت)".

د.ئاسۆ فەرەیدون دەڵێت، "ئەمە سەرەتایەک دەبێت و دواتر پەلدەکێشیت بۆ جێبەجێکردنی مادەی 110ی دەستوور کە پەیوەستن بە دەسەڵاتی ڕەهای حکومەتی مەرکەزی لە دەستووردا وەکو پەیوەندیەکانی دەرەوە و خاڵە گومرگیەکان و ئاسایشی نیشتمانی و دوا رۆژی هێزی پێشمەرگە، ئەمەش بە ناڕاستەوخۆ فیدراڵی لە عێراق ناهێڵێت و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەرەو قەوارەیەکی کارتۆنی دەبات".

دەشڵێت، "هەڵبەت لەئێستادا و بە رابردووشەوە رەخنەی زۆر تووندمان هەبوە لە سیاسەتی نەوتی (ناسەرکەوتووی) حکومەتی هەرێمی کوردستان کەبەناوی ئابووری سەربەخۆوە کاری لەسەردەکرا، هەروەها رەخنەمان هەبوە بەرانبەر نادادی کۆمەڵایەتی و نەبوونی یەکسانی لەنێوان بەرپرس و هاوڵاتییان، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە دژ بە قەوارەی هەرێمی کوردستان بوەستینەوە، چونکە قەوارەیەکە موڵکی خەڵکی کوردستانە و موڵکی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و کەمئەندامانی سەنگەرە، نەک بە تەنها موڵکی یەکێتی و پارتی بەڵکو موڵکی رەنج و خەباتی سۆسیالیست پاسۆک و کاژیک و شیوعی و هەموو حزبە سیاسیەکانی تر و حزبەکانی دوای راپەرینی هەرێمی کوردستانیشە".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "دەستخۆشی لە هەر هەنگاوێک دەکەین کە پێگەی کورد وەک دامەزرێنەر و کۆڵەکەیەکی سەرەکی دەوڵەتی عێراق بەهێزتر بکات لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا و شەراکەت و تەوافق لەناو عێراقدا بەهێزتر بکات ئەویش بە پاراستنی تایبەتمەندی میللەتی کورد و خەبات و مێژووەکەی".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتی، "یاریکردنی بەغدا لەسەر ئەم وەتەرە، ناسەقامگیری لە عێراق و ناوچەکە دروستدەکات، بۆیە لە قازانجی هیچ لایەنێکیدا نییە کە سەروەری خاکی عێراق و پێکهاتەکانیشی بخاتە مەترسییەوە".

وتوشیەتی، لەبەرامبەردا ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستانە بەپەلە ئەنجامی بدات:

یەکەم / پێکهێنانی حکومەتی رزگاری نیشتمانی لە هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییە کۆمەڵایەتیەکان بێ گوێدانە ژمارەی کورسی، هەروەها ئەم حکومەتە متمانە لە پەرلەمانی کوردستانەوە وەربگرێت.

دووەم / حکومەتی دامەزراو بریار لەسەر بەشداری کورد لە پرۆسەی سیاسی عێراق لە ئایندەدا بکات.

سێهەم / بە پشتبەستن بەداهاتی ناوخۆی حکومەتی دامەزراوی نوێی هەرێم، بەهەر شێوەیەک بێت مووچە دابەش بکات.


PM:06:42:21/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 1144 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو