ئەحمەد حاجی رەشید بۆ وێستگەنیوز: بەشداری کۆنگرەی پێنجەمی کۆمەڵی دادگەریی ناکەم
وێستگەنیوز- سازگار ئەحمەد
هەرچەندە بڕیارە سبەینێ شەممە 19ی تەموزی 2025، لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پێنجەمین کۆنگرەی حزبەکەی بە بەشداری 907 ئەندام ببەستێت کە ماوەی دوو رۆژ بەردەوامی دەبێت، بەڵام ئەحمەد حاجی رەشید کە ئەندامی کۆنگرەیە ناتوانێت بەشداری بکات.
لەوبارەیەوە ئەمڕۆ هەینی 18ی تەموزی 2025، ئەحمەد حاجی رەشید، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەندامی کۆنگرەی پێنجەمی کۆمەڵی دادگەریی بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "بەشداری کۆنگرەی پێنجەمی حزبەکەم ناکەم لە شاری هەولێر بەهۆی ئەوەی بڕیاری دەستگیرکردنم هەیە لەو پارێزگایە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "بڕیاری دەستگیرکردنەکەم چووەتە سەرجەم بازگە و فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان، بۆیە ناتوانم بچمە هەولێر بەشداری کۆنگرە بکەم".
ئەحمەد حاجی رەشید وتی، "لە سلێمانی دەمێنمەوە و بە غیابی بەشداری پرۆسەی دەنگدان دەکەم کە کاندیدم بۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەریی".
لەبارەی ئەوەی دەچێتە بەردەم دادگا ناوبراو وتیشی، "بە دڵنیاییەوە دەچمە بەردەم دادگا، بەڵام لە رێگەی پارێزەرەکانمەوە داوام کردووە دۆسییەکەم لە دادگای هەولێرەوە بۆ سلێمانی بگوازرێتەوە، چونکە من لێدوانەکەم لە سلێمانی داوە و ماڵیشم هەر لە سلێمانییە".
جەختی لەوەشکردەوە، دەچێتە بەردەم دادوەر و ئەوەی کە ئەو وتویەتی رەنگە هەموو هەرێم کۆکبن لەسەری، بەڵام بەشێک لە تۆمەتەکانی رەتکردەوە وەک خۆی دەڵێت، "هەڵبەستراون".
دوای ئەوەی لە رێکەوتی 4ی حوزەیرانی ئەمساڵ فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەحمەد حەمەڕەشید ئەحمەد، ناسراو بە (ئەحمەد حاجی ڕەشید) دەرچوو، بۆ ڕۆژی دواتر فەرمانگەی لێکۆڵەرەوەی دادوەری لە دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر، بە نووسراوی 1980، داوای لە دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی کردووە تۆمەتبارەکەیان بە دەستگیرکراوی رادەست بکات.
لە نووسراوەکەی فەرمانگەی لێکۆڵەرەوەی دادوەری لە دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێردا هاتووە، (ئەحمەد حاجی ڕەشید) لە لایەن ئێمەوە تۆمەتبار کراوە بە پێی مادەی (226) لە یاسای (سزاکان). کە تۆمەتی ناڕاستی بۆ هەرێمی کوردستان هەڵبەستووە و تۆمەتەکانی مایەی هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی هەرێم.
PM:06:33:18/07/2025
ئهم بابهته 2672
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت