رێکارەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا


وێستگەنیوز_
 
سۆران عومەر، پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی کوردستان دەڵێت، بەپێی رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا، چوار لیژنە پێکدەهێنرێت؛ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەش بە پێدانی مووچەی مانگی ئایار دەستپێدەکات ئەویش پاش رادەستکردنی رۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان بە کۆمپانیای سۆمۆ.

سۆران عومەر ئاماژەی بەوەشکردووەم پێکهێنانی لیژنەکان بۆ ئەوەیە تاوەکوو بزانن، پێویستیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەسوتەمەنی چەندێکە، ووردبینی لە داهاتی ناوخۆ بکەن و کار بکەن بۆ تەواوکردنی تەوتين. هەروەها چارەسەری کێشەی تەواوبوونی پشکی هەرێمی کوردستان لە بوودجە بکەن.

دەشڵێت: دەبێت ئەم چوار لیژنە پێویستە لە دوو هەفتەدا کارەکانیان تەواو بکەن و ڕاپۆرت پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بکەن بۆ بڕیاردان.

لیژنەکان بریتین لەمانە: 

1- لیژنەیەک لە وەزارەتی نەوت و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پێکدێت بۆ دیاریکردنی پێداویستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە سوتەمەنی پاڵپشتیکراو لەبەنزین و نەوت، پێویستە لەماوەی دوو هەفتەدا ڕاپۆرت بدەنە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بۆ بڕیاردان.

2- لیژنەیەکی هاوبەش لەهەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان پێکدێت، وردبینی لە داهاتە نانەوتیە فیدراڵیەکان دەکەن بەپێی تەرازووی پێداچوونەوە پشکی حکومەتی فیدراڵ لەداهاتی نانەوتی دیاری دەکەن، چونکە 120 ملیارەکە بەخەمڵاندن بۆ مانگی ئایار دانراوە بۆ مانگەکانی دواتر ئەم لیژنە دیاری دەکات چەند داهاتی نانەوتی فیدراڵیە و پێویستە بگەڕێنرێتەوە.

لیژنەکە پێویستە لەماوەی دوو هەفتەدا ڕاپۆرت بدەنە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بۆ بڕیاردان.

3- لیژنەیەک لەهەردوو حکومەت پێکدەهێنرێت بۆ تەواوکردنی پرۆسەی تەوتين، نابێت ماوەکەی لە سێ مانگ تێپەڕێت، دواتر حصرا مووچە بەتەوتين دەدرێت.

4- لیژنەیەک لەوەزارەتی دارایی فیدراڵ بەهاوکاری چاودێری دارایی فیدراڵ بەهاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری و چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان پێکدێت بەمەبەستی دیاریکردنی پشکی هەرێم لە بودجەی سێ ساڵی 2023-2024-2025 بەپێی خەرجی کرداریی و چارەسەرکرکردنی ئەو تەجاوزە کەلەسەر تەرخانکراوی دارایی هەرێم هەیە. پێویستە لەماوەی دوو هەفتەدا ڕاپۆرت بدەنە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بۆ بڕیاردان.

5- جگە لەو چوار لیژنە، لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان هەردولا هەیە بەناوی (القیاس و المعایرة) هەر زیادەیەک لە بەرهەمهێنان هەبوو لەدەرەوەی 280 هەزار بەرمیل ڕادەستی ئەم لیژنە دەکرێت.

بڕگەی دووەم/ خاڵی پێنجی ڕێکەوتنەکە نوسراوە: 

وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەستدەکات بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ مانگی ئایار وەک سەرەتای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دوای ئەوەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی/سۆمۆ ڕەزامەندی دا لەسەر وەرگرتنی 230 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا لە بەندەری جەیهان.


PM:02:25:18/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 1020 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت