کۆمیسیۆن 14 کاندید بەهۆی نزمی بڕوانامە و پێدانی زانیاری هەڵەوە دووردەخاتەوە


وێستگەنیوز_

لەدوای بەدواداچوونی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ ئاستی خوێندەواری کاندیدەکان، دەرکەوتووە 14 کەس بڕوانامەی سەرەتاییان هەیە و لە سیڤییەکەیاندا نووسیویانە بڕوانامەی بەکالۆریۆسمان هەیە.

ئەمڕۆ هەینی 18ـی 7ـی 2025، حەسەن هادی زایر، ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندووە، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق زۆر بە وردی چاودێری و بەدواداچوون بۆ لیست و کاندیدەکانی دەکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێستا لە سیڤی چەند کاندیدێکدا نووسراوە کە بڕوانامەی بەکالۆریۆسی هەیە، دوای بەدواداچوون بۆمان دەرکەوت ڕاست نییە، ئێستا داوای گۆڕینی کاندیدەکانمان لە سەرۆکی لیستەکان کردووە بۆ کاندیدی خاوەن بڕوانامەی ئاست بەرز.

لە لایەکی دیکەوە، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاریداوە بە دوورخستنەوەی 14 کاندیدی لیستی پارتی قودرە لە هەڵبژاردن لە سنووری بازنەی بەغدا. بەگوێرەی بڕیارەکە، "هۆکاری دوورخستنەوەی ئەو کاندیدانە ئەوەیە کە پارتەکەیان (قودرە) ناتوانێت بەشداری لە هەڵبژاردن بکات و ناوی لە کاخەزى بەرایی دەنگدان لەو پارێزگایە سڕاوەتەوە.
 
لە بڕیارێکی دیکەدا، ئەنجومەنی کۆمیسیاران 10 کاندیدی لیستی پارتی تەعاهودی وەتەنی لە سنووری پارێزگای سەلاحەدین دوورخستووەتەوە، بەهۆی تەواونەکردنی بەڵگەنامە پێویستەکانی کاندیدبوونی لیستەکەیان.
 
هەمان بڕیار بەرامبەر بە 10 کاندیدی هاوپەیمانیی بەدیل لە پارێزگای مەیسان گیراوەتەبەر، کە بەڵگەنامە فەرمییەکانی کاندیدبوونیان کێشەی تێدابووە و بڕیاردراوە لیستەکەشیان لە بەشداری لە هەڵبژاردن بێبەش بکرێت.

رۆژی 9ـی نیسانی 2025، ئەنجوومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ، 11ـی 11ـی 2025ـی وەک ڕۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دیاریی کرد.


PM:12:03:18/07/2025


ئه‌م بابه‌ته 836 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت